توێژینەوەیەک: بۆ رێگریکردن لە ئازاری پشت رۆژانە لە 40 خولەک زیاتر دامەنیشن

تەندروستیی جیهانی: ئازاری پشت باوترین هۆکاری پەککەوتنە لە جیهاندا

ئازاری پشت، یەکێکە لە باوترین گرفتە پزیشکییەکان و هۆکارێکی سەرەکیی پەککەوتنە لە جیهاندا. هەندێک رێگە هەن کە دەکرێت بگیرێنە بەر بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئازاری پشت، بەتایبەت لەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 60 ساڵەوەیە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 600 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست ئازاری بەشی خوارەوەی پشتەوە دەناڵینن و وا پێشبینیشدەکرێت ژمارەی تووشبووانی ئازاری پشت تاوەکو ساڵی 2050 بۆ زیاتر لە 800 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە؛ رێکخراوەکە ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەجووڵان و زۆردانیشتن.

ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، کەمکردنەوەی ماوەی دانیشتن بۆ کەمتر لە کاتژمێرێک لە رۆژێکدا بەشێوەیەکی بەرچاو ئازاری پشت کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی بیئێمجەیدا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت کە کەمکردنەوەی ماوەی دانیشتن و نەجوڵان بۆ تەنیا 40 خولەک لە رۆژێکدا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازاردا.

لە توێژینەوەکەدا 64 بەشداربوو بۆ ماوەی شەش مانگ چاودێریی جووڵەی رۆژانە و تەندروستییان کرا، بەشێکیان پێیان گوترا کە رۆژانە بۆ ماوەی 20 خولەک وەرزشی توند بکەن و ماوەی دانیشتن و نەجووڵانیان بۆ 40 خولەک لە رۆژێکدا کەمبکەنەوە؛ دەرکەوت ئەوانەی کە جووڵەیان زیاتر کردووە و کاتی دانیشتنیان کەمکردووەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو ئازاریان لەو کەسانە کەمترە کە لە شێوازی ژیانی رۆژانەیان بەردەوام بوون.

پسپۆڕان لە سەرئەنجامی توێژینەوەکەدا دەڵێن، گۆڕانکارییە سادەکانی رۆژانە، بەتایبەتی لە جووڵان و دانیشتندا، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئازاری پشت دادەنێن، بەم شێوەیەش بەئاسانی دەکرێت رێگری لە تووشبوون بە ئازاری پشت و کەمکردنەوەی ئازارەکە بکرێت.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئازاری پشت سەرەکیترین هۆکاری پەککەوتنە لە جیهاندا، ئازاری پشت لە خانماندا زیاترە و بەگشتی تووشبووان تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 55 ساڵیدایە.