پسپۆڕێک: سەرما نابێتەهۆی رۆماتیزم

د. عومەر مەلا ئەحمەد، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم

هەوکردنی جومگەکان گرفتێکی درێژخایەنە و زۆرجار بەهۆی نەخۆشیی رۆماتیزمەوەیە، سیستمی بەرگریی تووشبووانی نەخۆشییەکە هێرشدەکەنە سەر خانەکانی جومگە و تێکیدەشکێنن. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە جیهاندا رۆماتیزمی جومگەکانیان هەیە و بەشێکی زۆرییان لە رەگەزی مێن.

د. عومەر مەلا ئەحمەد، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسێکی وردی نەخۆشییەکەی کرد و نوێترین چارەسەرەکانی خستەڕوو. لێرەدا بەشێوازی پرسیار و وەڵام دەتوانن هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی نەخۆشییەکەوە بیزانن.

هەوکردنی جومگەکان چییە و نیشانەکانی چین؟

د. عومەر: جومگە شوێنی یەکگرتنی دوو ئێسکە و هەوکردنی جومگەش کاتێک روودەدات کە بەرگریی جەستە هێرشدەکاتەسەر شانەکانی رووپۆشی جومگە. لە نیشانە باوەکانی هەوکردنی جومگەکان، بەتایبەتی هەوکردنی رۆماتیزمی جومگەکان ئەمانەن: ئاوسانی جومگە، ئازار، رەقبوونی جومگە بەتایبەت لە بەیانییان و هەندێک جاریش سووربوونەوە.

پرسیار: ئایا چەند جۆر هەوكردنی جومگە هەن؟

د. عومەر: هەوکردنی جومگەکان چەند جۆرێکی هەیە کە سەرەکیترینیان رۆماتیزمە، دەبێت ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشیی سەوەفان یان داخورانی جومگەکان جیابکرێتەوە کە دژەخۆیی نییە و زۆرجار لەگەڵ بەساڵاچووندا روودەدات. دەردەشا و هەوکردنی رۆماتیزمیی نەوجەوانانیش دوو جۆری دیکەی هەوکردنی دژەخۆیی جومگەکانن.

هۆکارەکانی رۆماتیزم چین؟

د. عومەر: هۆکارێکی دیاریکراو بۆ رۆماتیزم نییە و دەکرێت لە هەر تەمەنێکدا بێت تووشی ئەم نەخۆشییە ببین، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە مەترسیی تووشبوونمان بە گرفتەکە زیاددەکەن، لەوانەش: مێژووی خێزانی، رەگەزی مێ، جگەرەکێشان و قەڵەوی. ئەو خانمانەی، خوشکێک، دایک یان پوورێکیان تووشبووی نەخۆشییەکەن ئەگەریان زیاترە تووشی رۆماتیزم ببن، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەسێک 100% نییە، تەنیا مەترسیی تووشبوونیان زیاددەکات.

سەرما دەبێتەهۆی رۆماتیزم؟

د. عومەر: بەگشتی سەرما وادەکان نیشانەی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم زیاتر دەربکەون، بۆ نموونە تووشبوویەکی رۆماتیزم لە سەرمادا لەوانەیە ئازار و هەڵئاوسانی زیاتر بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە کە سەرما خۆی ببێتەهۆی تووشبوون بە رۆماتیزم.

رۆماتیزم چۆن دەستنیشاندەکرێت؟

د. عومەر: هەندێک چارەخواز دێنە لامان و دەڵین 'دکتۆر پشکنینم کردووە و رێژەی رۆماتیزمەکەم بەرزە'، لێرەدا مەبەستیان لە پشکنینی ESRـە کە تایبەتمەند نییە بە نەخۆشیی رۆماتیزم، گرنگە هاونیشتمانییان بزانن کە نەخۆشییەکانی جومگە زیاتر لە 100 جۆرن و هەر یەکێکیان بە شێوازی تایبەتی خۆیان دەستنیشاندەکرێت کە شێوازەکەش وردەکاریی زۆرە و پزیشکی پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم دەتوانێت دەستنیشانیبکات.

 رۆماتیزم چارەسەری یەکجاریی هەیە؟

د. عومەر: نەخێر، رۆماتیزم نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چارەسەری یەکجاریی نییە، بەڵام چارەسەری تایبەت بە کەمکردنەوەی نیشانەکان هەن و ئەگەر چارەخواز وەریان نەگرێت جومگەکانی زووتر دادەخورێت و شێوەیان دەگۆڕێت.

شێوازی ژیان چ رۆڵێکی لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەدا هەیە؟

د. عومەر: شێوازی ژیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نەخۆشییەکە هەیە. دەبێت تووشبووانی رۆماتیزم بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانیان کێشی جەستەیان داببەزێنن و گرنگی بەو خواردنانە بدەن کە پێکهاتەی دژەهەوکردنیان تێدایە، بۆ نموونە: ماسی، گوێز و میوە و سەوزەکان، هەروەها دەبێت لە خواردنی زۆری گۆشت و ئەو خۆراکانە بەدووربن کە چەوریی ناتەندروستییان تێدایە. ئێمە هەمیشە ئامۆژگاریی چارەخوازانمان دەکەین کە وەرزش بکەن، بەتایبەتیش گرنگییەکی زۆر بە پیادەڕەوی و مەلەکردن بدەن.

نەخۆشیی رۆماتیزم تەنیا تووشی جومگەکان دەبێت؟

د. عومەر: ئەگەر رۆماتیزم کۆنترۆڵنەکرێت، لەوانەیە ببێتەهۆی چەند گرفتێکی دیکە لە دەرەوەی جومگەکاندا، لەوانەش بەڕیشاڵبوونی سییەکان، پەککەوتنی گورچیلە، نەخۆشیی چاو و نەخۆشیی دڵ.