رۆبۆتێکی سێ قۆڵی، رابەرایەتی ئۆرکێسترایەکی کرد کە تەواویی ئەندامەکانی مرۆڤ بوون، لە ئاهەنگێکدا کە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا رێکخرا، لەگەڵ موزیکێکدا کە تایبەت بۆ ئەو دانرابوو.
ئەو رۆبۆتە خاوەنی سێ قۆڵی لەیەکجیابوو، کە هەریەکەیان دارێکی پێبوو، لە ماوەی دوو نمایشی ئۆرکێسترای درێسنی سیمفۆنیشدا رابەرایەتی گروپە موزیکییەکەی کرد.
ئەو رۆبۆتە واڕاهێنرابوو کە بتوانێت ئەو کاتە بناسێتەوە کە تێیدا ژەنیارەکان دەژەنن و ئاماژە داینامیکییەکان بزانێت، هەروەها هەر قۆڵێکی رۆبۆتەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەوی دیکە دەجوڵا.
لە رێگەی ئەدای "سیمیکۆنداکتەرز ماستەر پیس"ـەوە توانی بەشێک لە تواناکانی نیشان بدات، کە کارێکی ئاوازدانەر و موزیکژەنی پیانۆی ئەڵمانی ئەندریاس گۆنلاخە.
رۆبۆتەکە بە بەکارهێنانی سێ قۆڵەکەی توانی سێ بەشی جیاوازیی ئۆرکێستراکە بەشیوەیەکی لەیەکجیا رابەرایەتی بکات، کە ئەمەش بە یەک مایسترۆی مرۆڤ نەدەکرا.
ماوەی دروستکردن و بەرەوپێشبردن و راهێنانی رۆبۆتەکە دوو ساڵی خایاندووە، بیرۆکەکەشی لە زانایانی زانکۆی درێسدنی تەکنیکییەوە وەرگیراوە، کە رۆبۆتی هاوبەش دروست دەکەن، بە مەبەستی هاوکاریکردنی مرۆڤەکان نەک جێگرتنەوەیان.