رەزا قوربانی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرهەمهێنان و داهێنان لە ژووری بازرگانیی ئێران رایگەیاند، 70%ـی ئینتەرنێتی ئێران فلتەرکراوە، دەشڵێت، بەکارهێنانی فلتەرشکێنەکان "ڤی پی ئێن" دوو هێندە زیادیکردووە.
رەزا قوربانی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لابردنی فلتەرشکێنەکانی سەر ئینتەرنێت لە ئێران ئاسانترین کارە حکومەتی نوێ دەتوانێت بیکات.
قوربانی دەشڵێت، رەنگە چارەسەرکردنی گرفتی ئینتەرنێت و لابردنی فلتەر شکێنەکان حکومەت رووبەڕووی فشاری ناوخۆی گروپە نەریتخوازەکان بکاتەوە.
بۆ ئەمساڵ لە ئێران باجی ئینتەرنێت 34% زیادیکردووە، بە گوێرەی داتا فەرمییەکانى وڵاتەکە لە ساڵی 2023، زیاتر لە 80%ـی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئێران کە دەکاتە زیاتر لە 56 ملیۆن کەس بۆ چوونە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان فلتەرشکێنەکان بەکاردەهێنن.
بەگوێرەی یاسا لە ئێران، دەسەڵاتی ئەنجومەنی باڵای "فەزای ئەلکترۆنی" ئەو وڵاتە بەکارهێنانی فلتەرشکێنەکان قەدەغەدەکات، بەجۆرێک بەکارهێنەر لە پێبژاردنەوە تاوەکو سزایی زیندانی سزادەدرێت.
بەردەوامی گرفتی ئینتەرنێت لە ئێران لە کاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دەبێت خەڵک بە ئازادانە دەستی بگات بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە هەبێت.