شوێنێک بۆ رێوڕەسمی "ماستی قەڵاتێ" لە گوندی هاوار دەکرێتەوە

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە گوندی هاوار شوێنی "ماستی قەڵاتێ" دەکرێتەوە، کە تایبەتە بە رێوڕەسمێک کە لەلایەن یارسانییەکانەوە ساڵانە ئەنجام دەدرێت.

بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، بە دروشمی "کولتوورمان شوناسمانە، پاراستنی ئەرکی ئێمەیە" رێوڕەسمێک بەبۆنەی تەواوبوونی پڕۆژەی شوێنی "ماستی قەڵاتێ" لە گوندی هاوار بەڕێوەدەچێت.

ماستی قەڵاتێ یان ڕۆژی بەخشین نەریتێکی ئایینییە لە نێوان خەڵکی یارسانییەکان، کە لە مانگی نیساندا بەڕێوەدەچێت، لەم رۆژەدا یارسانییەکان ماست و نان وەکوو ھێمایەک لە سادەیی و بێخەوشی و پاکی پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەن و داوای بەخشین و لێبووردن و گەردەنئازایی لە یەکتر دەکەن، ئەمەش لە نەریتێکی کۆنەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە رابردوودا خەڵک لەجیاتی کاسە دراوسێ، ماست و بەرهەمەکانی کۆدەکردەوە و لە شوێنێک کۆیاندەکردەوە و دایان دەنا، هەرکەسێک بیویستایە لەو خواردنانەی دەبردە ماڵەکەی خۆی.