شوێنەوارناسان، توانیویانە زیاتر لە چوار هەزار مۆری قوڕین لە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدۆزنەوە کە مێژوویەکی دێرینیان هەیە.
زیاتر لە چوار هەزار مۆری قوڕینی دێرین، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراونەتەوە و سەرنجی شوێنەوارناسانیان راکێشاوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم مۆرانە، لە ناوچەی کوزەرانی کرماشان دۆزراونەتەوە، کە ساڵی 1998 وەکو پێگەیەکی شوێنەواریی دیاریکراوە.
ئەنجامدانی کنەوپشکنین لەم شوێنەوارە، چەندین دۆزینەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە، لەوانە: پارچەی گۆزە، پەیکەری قوڕینی ئاژەڵ و کۆکراوەیەکی دەوڵەمەندی مۆری تایبەت بە کولتووری عیلامییەکان.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەم مۆرانە، پەیوەندیی نێوان زنجیرەیەکی فراوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوەندی زاگرۆس نیشان دەدەن، هاوتای دەوڵەمەندکردنی تێگەیشتن لە کولتوور و شێوازی پەیوەندییەکانی کوردستانی دێرین و خاکی میزۆپۆتامیا.