توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەو خانمانەی لەکاتی دووگیانیدا وەرزشدەکەن، ئەگەری تووشبوونی کۆرپەکەیان بە رەبۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات.
توێژینەوەکە، لە گۆڤاری مێد بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە، کاتێک خانمێک هەفتەی سێ جار یان زیاتر وەرزشدەکات، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی بە رەبۆ بەڕێژەی 45% کەمدەبێتەوە. پسپۆڕانی توێژینەوەکە دەڵێن، ئەم رێژەیە هێندەی وازهێنانی جگەرەی دایک یان باوک لەکاتی دووگیانیدا کاریگەرە.
ئەمجامی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ توێژینەوەکانی پێش خۆیدا یەکدەگرێتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە، وەرزشکردنی دایک لەکاتی دووگیانیدا چالاکییەکانی سییەکانی منداڵ بەهێزدەکات، "بەڵام ئەمە یەکەم جارە پەیوەندییەکی هاوشێوە لەنێوان وەرزشکردنی دایک و تووشبوونی کۆرپەکەی بە رەبۆ بدۆزرێتەوە"، ئێما ریتا موساکا، خوێنکارێکی دکتۆرا و یەکێک لە توێژەرەکان وای گوت.
لە توێژینەوەکەدا نزیکەی هەزار منداڵ و دایک لە فینلەندا هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، دایکان پرسیاریان لێدەکرا کە ئایا لەکاتی دووگیانیدا وەرزشیان کردووە یان نا و چەند جار وەرزشیان کردووە. باوترین وەرزشی خانمان لەم کاتانەدا بریتیبوونلە: پیادەڕەوی (34%)، راکردن (32%)، بەرزکردنەوەی قورسایی (29%) و وەرزشکردن لە ماڵەوە (22%).
سەرئەنجامی توێژینەوەکە دەریخست، ئەو منداڵانەی کە دایکیان لەکاتی دووگیانیدا کەمتر لە سێ جار وەرزشیان کردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە رەبۆ زیاترە.
یەکێک لە توێژەران بەناوی پیرکا کیریاڤانین، کە لە زانکۆی رۆژهەڵاتی فینلەندا کاردەکات دەڵێت "تاوەکو ئێستا بۆ رێگریکردن لە تووشبوونی منداڵ بە رەبۆ لەکاتی دووگیانیدا تەنیا بە دایکان دەگوترا کە لەو ماوەیەدا لە دووکەڵی جگەرە بەدووربن، بەڵام ئەنجامە تازەکان رێگەیەکی بەهێزمان پێدەڵێن کە هاوشێوەی وازهێنان لە جگەرە کاریگەرە".