هەرچەندە گەشەکردنی کەرتی گەشتیاران بووەتە خێروبێر بۆ ئیسپانییەکان، بەڵام قەیرانی نیشتەجێبوونی لە وڵاتەکەدا دروستکردووە و حکومەتی ئەو وڵاتەش دەیەوێت پلانێکی چارەسەری ستراتیژی گەشتیاری بۆ ساڵى 2030 دابڕێژێتز
ئامانجی ئەم ستراتیژە نوێیە بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری ئیسپانیایە کە لە ئێستادا رۆژانە بە تێکڕا 170 هەزار گەشتیار دەچنە ئەو وڵاتە.
ئیسپانیا لە ساڵى رابردوو داهاتى گەشتیارى گەیشتە 85 ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ بوو کە دەکاتە نزیکەى 90 ملیار دۆلار.
هاتنی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیاریش کێشەی نیشتەجێبوونی دروستکردوە و پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، لەپێناو چارەسەری کێشەکە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ تەرخاندەکات، بە یاسایەکیش رێگری لە بەکرێدانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ گەشتیاریی دەکات.
زۆرى ژمارەى گەشتیاران بۆ ئیسپانیا نرخى کرێى خانوو و شووقەى بۆ هاوڵاتیانى وڵاتەکە بەرزکردووەتەوە، ئەوەش خۆپیشاندان و نارەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
ساڵانە لە ئیسپانیا 140 هەزار هاوڵاتى خواستیان لەسەر کڕینى یەکەى نوێ هەیە، بەڵام دابینکردنی ئەو ژمارە یەکەیە نزیکەی 30% کەمیکردووە و بەوەش کورتهێنانی کەرتى خانووبەرەی زیاتر کردووە.
گرفتی بەرزی کرێ و قەیرانی خانووبەرە لە ئیسپانیا لە ئەنجامی ناهاوسەنگییە لەنێوان دانیشتووان و گەشتیاران، بەجۆرێک بەهۆی زیادبوونی رێژەی گەشتیاریی نرخەکان بەرزدەبنەوە و بەشێکی زۆر لە خاوەن ماڵ و یەکەکانی نیشتەجێبوون لەپێناو دەستکەوتنی پارەیەکی زیاتر موڵکەکانیان بە کرێ دەدەنە گەشتیاران.