د. هونەر جەمال هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
هەندێک منداڵ لە دوای تەمەنی شەش مانگیەوە كاتێك كە ئەو خواردنانە دەخوا كە گەنم یان جۆ لە پێكهاتەیاندا هەیە توشی کۆمەڵێک نیشانە دەبێت کە لە خوارەوە باسکراون، ئەم منداڵانە پێیان دەگوترێت کە نەخۆشیی گەنم و جۆیان هەیە.
نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشیی گەنم و جۆ:
- سكچوونی درێژخایەن كە بۆماوەی 14 رۆژ زیاتر بخایەنێت
- سكئاوسان
- باکردن و هەستنەکردن بە برسییەتی
- نەمانی ئارەزووی خواردن و بێهێزی و خەوزڕان
ئەگەر بێت و ئەم نەخۆشیە زوو چارەسەرنەكرێت ئەوا دوای ماوەیەك پەرەدەسەنێت بۆ ئەم نیشانانە:
- دابەزینی كێش
- كەمیی باڵا
- كەمخوێنی
- كەمیی ماددەی ئاسن
- كەمیی ڤیتامین- D
- كەمیی ڤیتامین- B12
ئەگەر پاش ئەم نیشانانەش نەخۆشییەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکرابێت، ئەوا پەرەدەستێنێت بۆ :
- ئێسكەنەرمەی توند
- گەشكە
- نەخۆشیی جگەر
بۆ دیاریكردنی ئەم نەخۆشییە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت و پشكنینی تایبەتی لەڕێگەی خوێنەوە بۆ بكرێت بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە .هەندێک جاریش پێویستە بە ناوبینی پارچەیەك لە ریخۆڵەی وەربگیرێت .
چارەسەری نەخۆشییەکە چییە؟
پێویستە منداڵەكە دووربكەوێتەوە لەو خواردنانەی كە گەنم و جۆیان تێدایە(نان، بسكیت و چوكلیات) یان هەر شتێك كە ماددەی گەنم و جۆ لە پێكهاتەیدا هەبێت، بە نەخواردنی ئەو خواردنانە منداڵەكە دەگەڕێتەوە گەشەی ئاسایی خۆی و سەلامەت دەبێت و هیچ گرفتێكی تەندرووستیی نابێت. منداڵەکە دەتوانێت خواردنەكانی دیکە بخوات و هیچ كێشەیەكی نییە وەكو (برنج، فاسۆلیا، نۆك، گەنمەشامی و بادەم).
پێویستە ئەو منداڵانەی كە نەخۆشی گەنم و جۆیان هەیە شەش مانگ جارێك یان ساڵی جارێك پشكنینی غوددە و شەكرە بكەن چونكە ئەم نەخۆشییانەش پەیوەندییان بە نەخۆشیی گەنم و جۆوە هەیە.