لەمیانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا، د. دیلمان عەتار پزیشکی پسپۆڕی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان بە وردی باسی لە نەخۆشیی شەکرە کرد لە منداڵان و گەنجاندا.
لەم راپۆرتەدا وەڵامەکانی پزیشکە پسپۆڕەکە بۆ پرسیارە باوەکان لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا خراونەتەڕوو.
نەخۆشیی شەکرە چییە؟
نەخۆشیی شەکرە بریتییەلە بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن بە چەند هۆکارێکی جیاواز، یان ئەوەیە کەسەکە پەنکریاسی کارناکات و هۆرمۆنی ئینسۆلین دەرنادات (ئەم هۆرمۆنە بەرپرسە لە گوواستنەوەی شەکر لە خوێنەوە بۆ ناو خانەکان بۆئەوەی بەکاریبهێنن لە دروستکردنی وزەدا)، یان ئەوەیە کەسەکە بەهەر هۆکارێکبێت خانەکانی بەرگرییان بۆ ئەو ئینسۆلینە دروستدەبێت کە پەنکریاسیان دەریدەدات و چیدی کاریگەرییان لەسەر جەستە نامێنێت یان کەمدەبێتەوە.
شەکرەی جۆری یەک چییە؟
لەم جۆرەی شەکرەدا، پەنکریاس بە هۆکارێکی نادیار کارناکات و کەسەکە هۆرمۆنی ئینسۆلین لە جەستەیدا دەرنادرێت، لەگەڵ ئەوەی هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام دەکرێت هەریەکێک لە پیسبوونی ژینگە، گرفتی بۆماوەیی، هەوکردنی ڤایرۆسی و تەنانەت خۆراکیش هۆکاربن، ماوەی دووگیانیش کاریگەری نییە لەسەر تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک.
رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک دەکرێت لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تاوەکو دە ساڵی زۆربێت، پاشان تاوەکو 20 ساڵیش دەکرێت رووبدات بەڵام کەمترە و بە گشتی پاش 20 ساڵی رێژەی تووشبوون بەم جۆرەی نەخۆشییەکە زۆر کەمە.
نیشانەکانی نەخۆشیی شەکرە چین؟
دەموشکی، ئاوخواردنەوەی زۆر، زۆر میزکردن، هەستکردن بە برسێتی زۆر و خواردنی زۆر، بەڵام هێشتا کەمکردنی کێش نیشانەکانی نەخۆشییەکەن.
لەکاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا گرنگە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
چارەسەرەکانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک
لەگەڵ ئەوەی هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی چارەسەری نوێ و هەوڵەکان تاوەکو ئێستا لەژێر تاقیکردنەوەدان، هیوایەک هەیە کە لە داهاتوودا بتوانرێت نەخۆشییەکە دوابخرێت یان تەنانەت چارەسەرێکی کۆتایی نەخۆشییەکە بێت.
سەبارەت بەو چارەسەرانەی ئێستا بەردەستن، دەرزیی ئینسۆلین سەرەکیترین چارەسەری ئەم جۆرەی نەخۆشییەکەیە چونکە ئەم کەسانە هۆرمۆنی ئینسولینیان نییە و ئەم ئینسولینە دەبێتە جێگرەوەیەک بۆیان. هەروەها، خۆشبەختانە پێشکەوتووترین جۆرەکانی ئەم دەرزییە لە کوردستان بەردەستن. لەگەڵ ئەوەشدا وەرزشکردن، رێجیم و خواردنی تەندروستیش گرنگن لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەدا.
ئایا دەرزیی ئینسۆلین زیان بە تەندروستیی کەسانی تووشبوو دەگەیەنێت؟
پسپۆڕەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دەرزییە بە هیچ جۆرێک هیچ زیانێک بە تەندروستیی کەسەکە ناگەیەنێت و تەنانەت سوودێکی زۆری هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و رێگریکردن لە ماکەکانی نەخۆشییەکە.
هەروەها ئەو گوتەیەی لەناو خەڵکدا باوە و دەڵێت کە جەستە بە ئەم دەرزییە رادێت دوورە لە راستییەوە و هیچ جۆرە کاریگەرییەکی لەو شێوازەی نییە.
چۆن دەکرێت چاودێریی شەکرەی منداڵان بکرێت؟
لانیکەم پێویستە رۆژانە سێ جار پشکنینی شەکرە بکرێت، ئەم پشکنینەش بە دوو رێگەی جیاواز بکرێن.
رێگەی یەکەم: لەڕێگەی دەرزییەکەوە قەترەیەک خوێن لە پەنجەی منداڵەکە دەردەهێنن و دەیخەنە سەر ئامێری پێوانەی شەکرەوە.
رێگەی دووەم: لەزگەیەک کە لەسەر قۆڵی چارەخوازەکە دادەنرێت و بۆ ماوەی دوو سێ هەفتە کاردەکات، ئەم لەزگەیە هەموو پێنج خولەک جارێک شەکری خوێن دەپێوێت و لەڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجامی پێوانەکردنەکە دەبینرێن.
شەکرەی جۆری دوو چییە؟
ئەم جۆرەی شەکرە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی ژیانەوە هەیە و بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەم زیادبوونەش هۆکارەکەی گۆڕانی شێوازی ژیانە بۆ شێوازێکی ناتەندروستتر، بەجۆرێک دانیشتن زیادیکردووە، خواردنە خێراکان زیاتر دەخورێن و شاشەکان زیاتر بەکاردەهێنرێن. %90ـی تووشبووانی شەکرە، جۆری دووی نەخۆشییەکەیان هەیە. لەم جۆرەی شەکرەدا، کەسەکە پەنکریاسی ئینسۆلین دەردەدات، بەڵام جۆرێتی ئینسۆلینەکە باش نییە و خانەکان پێی کاریگەر نابن یان بەرگرییان بۆی دروستدەبێت.
ئایا ئەو کەسانەی کە پێشینەی خێزانییان هەیە دەتوانن لە رێگەی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە رێگریبکەن لە تووشبوون بە جۆری دووی شەکرە؟
رێجیم، وەرزشکردن و جەستەیەکی رێک یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی پێشینەی خێزانییان بۆ نەخۆشییەکە هەیە نزیکەی 15 بۆ 20 ساڵ تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە دوابخات. واتا ئەگەر دوو برا پێشینەی خێزانییان هەبێت، یەکێکیان شێوازێکی ناتەندروستی ژیانی هەبێت لەوانەیە لە 40 ساڵیدا تووش ببێت، بەڵام ئەوی دیکە ئەگەر وەرزش و رێجیم بکات ئەوا لەوانەیە لە 55 بۆ 60 ساڵیدا تووشی نەخۆشییەکە ببێت.
نیشانەکانی شەکرەی جۆری دوو لە منداڵاندا چین؟
تۆخبوونی رەنگی پشتەمل، بنباڵ و پێست لە منداڵاندا بە واتای دروستبوونی بەرگریی خانەکان دێت لەدژی هۆرمۆنی ئینسۆلین، ئەم قۆناغە بە قۆناغی پێش تووشبوون بە نەخۆشییەکە هەژمار دەکرێت و پێویستە لەو کاتەوە دەستبکرێت بەوەی شێوازی ژیانی منداڵەکە تەندروست بکرێت بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکە.
هەریەکە لە تینووبوون، زۆر میزکردن، زۆر خواردن و ئاو خواردنەوەی زۆر کە تینوویەتی ناشکێنێت لە نیشانەکانی نەخۆشییەکەن لە هەموو تەمەنێکدا.