ئال پاچینۆ، ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیوود کە لە چەندین فیلمی بەناوبانگدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە، لە تەمەنی 84 ساڵیدا رایگەیاند کە ساڵی پار، واتە لە تەمەن 83 ساڵیدا، بۆ جاری چوارەم بووەتە باوک.
ئەکتەرەکە باسی لەوە کرد ئێستا کوڕەکەی، کە ناوی رۆمانە، تەمەنی 16 مانگە و تەندروستە.
لە رووی تەندروستییەوە دەکرێت پیاوێکی 83 ساڵ منداڵ بخاتەوە؟
بۆئەوەی پیاوان بتوانن منداڵ بخەنەوە، پێویستییان بە کۆمەڵێک مەرجی تەندروستییە: بڕی پێویستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، بوونی تۆوی پێویست و تەندروست، توانای رەپبوون. سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا هەموو ئەمانە لە پیاواندا کەمدەبنەوە، بەڵام هێشتا پیاوان دەتوانن بڕی پێویست لە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و تۆو بەرهەمبهێنن، ئەوەی کە گرفتی سەرەکی دروستدەکات رەپنەبوونی چووکە. زانستی پزیشکی ئێستا چەندین چارەسەری جیاوازی پەرەپێداوە کە دەتوانرێت لەڕێگەی حەب، دەرزیی و چاندنی ئامێر لەناو چووکەوە، یارمەتیی کەسەکە بدەن چووکی رەپببێت، بۆیە لەڕووی بایۆلۆجییەوە، ئاساییە و دەکرێت پیاوێک لە تەمەنی 83 ساڵی و تەنانەت دواتریش، منداڵی ببێت.
خانمانیش دەتوانن لەم تەمەنەدا منداڵیان ببێت؟
ئەگەر بەسادەیی وەڵامبدەینەوە، نەخێر. کاتێک کچێک لەدایکدەبێت، ژمارەی ئەو هێلکانەی لە هێلکەدانیدا هەڵیدەگرێت، دیاریکراوە و نزیکەی ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن دانەیە. تاوەکو دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن، ژمارەی هێلکەکانی کەمدەبێتەوە بۆ 400 هەزار، ئەم ژمارەیەش بەرەبەرە کەمدەبێتەوە و لەگەڵ دەستپێکی تەمەنی کەوتنەسەرخوێندا، ژمارەی هێلکەکان نزیکەی 400-500 دانە دەبێت و هەموو مانگێک لەگەڵ سووڕی مانگانە، هێلکەیەک دادەنرێت.
کاتێک خانمەکە دەگاتە تەمەنی 45-55 ساڵی، بەرەبەرە ژمارەی هێلکەکانی کەمدەبێتەوە، ئەوانەشی کە دەمێننەوە هێلکەی ناتەندروستن و ناتوانن ببن بە کۆرپەلە. ئەمە وادەکات لە دوای تەمەنی 55 ساڵییەوە، نزیکە ئەستەم بێت خانمێک بتوانێت منداڵ بخاتەوە.
مەترسی لەسەر تەندروستیی منداڵەکەی ئالپاچینۆ هەیە؟
سەرەڕای ئەوەی ئەکتەرەکە لەو تەمەنەدا دەتوانێت بڕی پێویستی تۆو بەرهەمبهێنێت، بەڵام رێژەی تۆوی تەندروست لەناو تۆواویدا کەمدەبێتەوە و ئەگەری ئەوەی کە منداڵەکەی تووشبووی یەکێک لە نەخۆشییە جینییەکان بێت، زۆرە.
رۆمانی کوڕی ئال پاچینۆ، بەهۆی تەمەنی باوکییەوە مەترسیی تووشبوونی بەم نەخۆشییانە زۆرە:
- شەبەنگی ئۆتیزم
- شیزۆفرینیا
- دواکەوتنی گەشە
- لاوازیی توانای فێربوون
- نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ
- گرفتە دەروونییەکان
- شەکرە و بەرزەفشاری خوێن
بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی بایۆلۆجییەوە پیاوان دەتوانن تاوەکو تەمەنێکی زۆر منداڵ بخەنەوە، بەڵام دروستکردنی منداڵ لە سەرووی 40 بۆ 45 ساڵییەوە ئەگەری تووشبوونی منداڵەکە بە نەخۆشییە بۆماوەییەکان و چەندین نەخۆشیی دیکە زیاتردەکات.