کوەیت رێگە بە بڵاوکردنەوەی یاریی "بلاک ئۆپس 6" نادات

پۆستەری یاریی کاڵ ئۆف دیوتی: بلاک ئۆپس 6

وڵاتی کوەیت رێگە بە بلاوکردنەوەی یارییە نوێکەی "کاڵ ئۆف دیوتی" لە وڵاتەکەی نادات و ئەو گەیمەرانەشی پێشوەختە یارییەکەیان داواکردووە، داواکارییەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، لە 25ی تشرینی یەکەم، یاریی "کاڵ ئۆف دیوتی: بلاک ئۆپس 6" بخرێتە بەردەستی گەیمەران لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام چەند رۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی، کوەیت رایگەیاند، رێگە نادەن یارییە نوێکە لە وڵاتەکە بڵاوبکرێتەوە.

هەربۆیە کۆمپانیای ئەکتیڤژنی بەرهەمهێنی یارییەکە رایگەیاندووە، پارەی ئەو گەیمەرانە دەگەڕێنێتەوە کە داوکاری پێشوەختەیان بۆ یارییەکە کردووە، هاوکات کۆمپانیاکە هیوادارە، کوەیت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

هەرچەندە ئەکتیڤژن هۆکاری رێگەپێنەدانەکەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام پێدەچێت چیرۆکی یارییەکە کە باس لە جەنگی کەنداوی نێوان عێراق و کوەیت دەکات، هۆکارێکی سەرەکی بڕیارەکەی کوەیت بێت.