د. ئەشکین حەبیب ئەڵا عەزیز، پزیشکی دەرمانساز، بەکورتی روونی دەکاتەوە کە کام بەرهەمانەی پێست بۆ خانمانی دووگیان و شیردەر تەندروستن و کامانەش دەکرێت زیانیان بۆ تەندروستیی کۆرپەلە هەبێت.
ئەو بەرهەمانەی تەندروست نین لە ماوەی دووگیانی و شیرداندا
هەر بەرهەمێکی پێست هەریەکێک لەم پێکهاتانەی خوارەوەی تێدابوو، پێویستە خانمەکە خۆی لێ بەدوور بگرێت.
ئەو پێکهاتانەش بریتینلە:
- ئاربوتین
- هایدرۆکوینۆن
- هەموو جۆرەکانی رێتینۆید
ئەو بەرهەمانە کامانەن کە گرفت بۆ ئەم خانمانە دروست ناکەن؟
ئەو بەرهەمانەی ئەم پێکهاتانەی خوارەوەیان تێدایە هیچ گرفتێک بۆ کۆرپەلە دروستناکەن:
- ڤیتامین سی
- نایاسینەماید
- ترشی هایالیورۆنیک
- ترشی ئازیلەیک
- سنەیڵ میوسین
- ترشی گلایکۆلیک
- ترشی کۆجیک
- بێنزۆیل پیرۆکساید
- پێپتایدس
- ترشی لاکتیک
ترشی سالیسالیک: ئەو بەرهەمانەی کە ترشی سالیسالیکیان تێدایە لە شێوەی تۆنەر، سیرەم و پاککەرەوە، لەماوەی دووگیانی و شیرپێداندا بە بێزیان دادەنرێن، بەڵام پێشنیازدەکرێت کە بە خەستیی %2 یان کەمتر بەکاربهێنرێت. باشتریش وایە پێش بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە، راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی پێست یان دەرمانسازێکی شارەزای بواری جوانکاری بکرێت.
دژەخۆری کیمیایی یان فیزیکی باشترە بۆ ئەم خانمانە؟
هەرچەندە دژەخۆری کیمیایی زۆر بەکەمی لەلایەن خوێنەوە هەڵدەمژرێت، بەڵام بە گشتی واباشترە لەم ماوەیەدا دژەخۆری فیزیکی(کانزاکان) بەکاربهێنرێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەم جۆرەی دژەخۆر لەسەر رووی پێست دەمێنێتەوە و کەمتر دەچێتە سووڕیی خوێنەوە.