رکابەری نادال و جۆکۆڤیچ بۆ هەمیشە کۆتاییهات

دوای ئەوەی ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی رافائێل نادالی ئیسپانی، وازهێنانی یەکجارەکی لە بواری تێنس راگەیاند، بۆ دوایینجاریش ساتەکانی یارییکردنی بەرێکدەکات، لە یەکێک لە یارییەکان رووبەڕووی رکابەری سەرسەختی بووەوە، کە ئەویش نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبیە.

یارییەکە لە بەرژەوەندی جۆکۆڤیچ کۆتاییهات، بەڵام دوایینجاریش بوو ئەو دوو یاریزانە بەرامبەر یەکدی یاریی ئەنجامبدەن.

هەردوو کۆمەڵەکە جۆکۆ باڵادەستبوو، لە کۆتاییشدا توانی بە ئەنجامی 6 بە 2 و 7 بە 6 یارییەکە بباتەوە.

رافائێل نادال تەمەنی 38 ساڵە و خاوەن 22 ناسناوی گراند سلامە، بە پاشای یارییە لمینەکان و رۆلاند گارۆس ناسراوە، تاوەکو ئێستاش لە ماوەی کاروانی وەرزشی خۆی 60 جار رووبەڕووی جۆکۆڤیچ بووەتەوە، 29 بردنەوە لە بەرژەوەندی رافا بووە و 31 بردنەوەش لە بەرژەوەندی جۆکۆڤیچ کۆتاییهاتووە.

دوایین بەشدارییکردنی نادال لە جامی دەیڤز دەبێت، هاوشانی کارلۆس ئالکارازی هاونیشتیمانی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییدەکەن و دوای ئەوەش چیدیکە ماتادۆرەکەی ئیسپانیا لە نێو یاریگەکان نابینینەوە.