45 ملیار دینارى شایستەى دارایى گەنمى جووتیاران دابەشدەکرێت

فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، شایستەى دارایى گەنمى جووتیاران لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە و لە سلێمانیش سبەی دەستپێدەکات.

نەوزاد کامیل، بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لەوەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەکەناڵ8ـى راگەیاند"ئەو 45 ملیار دینارەى وەک شایستەى دارایی گەنمى جووتیاران گەیشتووە، بڕى 15 ملیار دینارى بۆ پارێزگاى هەولێر و 10 ملیار دینارى بۆ پارێزگاى دهۆکە و دەست بە دابەشکردنى کراوە".

هەروەها گوتیشى"بڕى 20 ملیار دینارى شایستەى دارایى جووتیارانى سلێمانى دەکەوێتە سبەی پێنجشەممە، چونکە هەندێک کێشەیان هەبووە، لە بانک کە پارەکەیان هێشتا بەدەست نەگەیشتووە".

حکومەتى عێراق، 685 هەزار و 974 تۆن گەنمى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگرتووە، بەگوتەى بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لەوەزارەتى بازرگانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ، سەرجەم شایستەى دارایى جووتیاران رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت.