هێشتنەوەی پێست بە گەنجی یەکێکە لە ئارەزووەکانی زۆرینەی خەڵکی. ئێستا لە بەشێک لە کتێبە زانستییەکاندا پیری وەکو نەخۆشییەک دەبینرێت، نەوەکو وەکو شتێک کە هەر دەبێت رووبدات، بۆیە پسپۆڕان بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوەن لە هۆکارەکانی پیربوون و چۆنیەتیی رێگریکردن لێی.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر هۆکارەکانی پیربوونی پێست و رێگەکانی رێگریکردن، کەناڵ8 چاوپێکەوتنی لەگەڵ د. ئێلاخ قادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری کردووە.
بە گوتەی پزیشکەکە، پێنج جۆری پێست هەن: ئاسایی، چەور، وشک، هەستیار، تێکەڵ. "بۆئەوەی کەسێک بڕیاربدات چی بۆ پێستی بەکاربهێنێت، دەبێت سەرەتا بزانێت کام جۆرەی پێستی هەیە"
یەکەمین هەنگاو پاککردنەوەی پێستە
د. ئێلاخ قادر ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت هەموو کەسێک رۆژانە دوو جار دەموچاوی بشوات، بەجۆرێک ئەم پاککردنەوەیە دەبێت لەڕێگەی پاککەرەوەی تایبەتییەوە بێت و ئاوی شلەتێن بەکاربهێنرێت.
"ئەگەر کەسەکە دووجار پێستی نەشوات، دەکرێت چەوری، گەردیلەی تەپوتۆز و میکیاج لەسەر پێستی کۆببنەوە، ببنەهۆی گیرانی کونیلەکانی پێست و دواتریش زیپکە دروستبکات"
د. ئێلاخ قادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری
دەبێت لە چ تەمەنێکەوە گرنگی بە پێست بدرێت؟
پزیشکەکەی پێست روونیکردەوە کە دەبێت هەر لە منداڵییەوە، بە دیاریکراویش لە تەمەنی شەش مانگییەوە گرنگی بە پێست بدرێت. "بەڵام گرنگە بزانرێت بەرهەمەکانی پێستی منداڵان تەواو جیاوازن لە گەوران، بۆیە دەبێت بەرهەمی تایبەت بە تەمەنێکی دیاریکراو بەکاربهێنرێت"
پزیشکەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە "رۆژانە لە کلینیکەکانمان چارەخوازی گەنج و تازەلاو دەبینین کە بەهۆی بەکارهێنانی بەرهەمێک کە بۆ تەمەنی خۆی گونجاو نییە، پێستیان تێكچووە"
رۆڵی شێدارکەرەوە چییە؟
د. ئێلاخ قادر باسی لەوە کرد کە هەموو کەسێک دەبێت رۆژانە لانیکەم دوو جار شێدارکەرەوە بەکاربهێنێت، واتە لە بەیانیان و شەواندا. بەڵام نابێت "شێدارکەرەوەی لەش و دەموچاو تێکەڵبکرێن"
تاوەکو چەند گرنگە بەڕێکی دژەخۆر بەکاربهێنرێت؟
هەتاو تیشکی سەرووبنەوشەیی تێدایە، کە لە کاتی بەرکەوتنی زۆری بە پێست، دەکرێت زیان بە کەسەکە بگەیەنێت و ببێتەهۆی شێرپەنجە.
"دەبێت لە تەمەنی شەش مانگییەوە دژەخۆر بەکاربهێنرێت"
د. ئێلاخ قادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەو دژەخۆرەی دەبێت بەکاربهێنرێت، پزیشکەکە گوتی کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان SPFـی 30 و 50ـدا نییە، گرنگە ئەوەیە کوالێتیی دژەخۆرەکە باش بێت و لەگەڵ تەمەنی کەسەکەدا گونجاو بێت.
د. ئێلاخ ئاماژەشی بەوەدا کە دژەخۆر تەنیا بۆ پێستی دەموچاو نییە، بەڵکو هەر شوێنێکی جەستە بە دەرەوە بێت دەبێت دژەخۆری لێبدرێت، تەنانەت لێوەکانیش.