ئەگەر قەدەغەکردنەکەی لاببرێت رۆبڵۆکس لە تورکیا ئۆفیس دەکاتەوە

test
پلاتفۆرمی یاریی ئەلیکترۆنی رۆبڵۆکس

پلاتفۆرمی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی رۆبلۆکس رایگەیاند، پلانی هەیە ئۆفیسێک لە تورکیا بکاتەوە، ئەگەر ئەنقەرە قەدەغەکردنی پلاتفۆرمەکە کۆتایی پێبهێنێت کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر منداڵ ئەنجامیدا.

رۆبلۆکس رایگەیاندووە، پابەندە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبارەی پێداویستییە تایبەتییەکانیان، هەروەها وتیشی:"رێز لە یاسا و رێسا ناوخۆییەکانی تورکیا دەگرین و چالاکانە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکە"، لە هەمانکاتدا وتیشی سەلامەتی گەیمەران و گەشەپێدەران لە تورکیادا لە پێشینەی کارەکانیایندایە.

رۆبڵۆکس لە تورکیا زیاتر لە 15 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، بڕیاری داخستنی یارییەکە، لە مانگی ئابدا، دوای پێنج رۆژ لە بڕیاری داخستنی ئینستاگرام هات، بەو تۆمەتەی دوای لێکۆڵینەوەکانی دادگا، دەرکەوتووە پلاتفۆرمەکە بووەتە جێگەیەک بۆ ئەنجامدانی گێچەڵی سێکسیی بەرامبەر منداڵان، هاندان بۆ توندوتیژیی و ئەو چالاکییانەی کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەکردنی منداڵ دادەنێن.