لە هێرشەکەى ئەنقەرە چوار کەس کوژران و 14ـى دیکە بریندارن

لە هێرشى سەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا، کە لەلایەن سێ چەکدارەوە ئەنجامدرا، چوار کەس کوژران و 14 کەسى دیکە بریندارن، میدیاى تورکیاش ئاشکرایکردووە، دوو لە چەکدارە هێرشبەرەکان کوژراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەى سەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا لە ئەنقەرە، چوار کەس گیانیانلەدەستداوە و 14 کەسى دیکە بریندارن.
هاوکات، میدیاى تورکیا ئاشکرایکردووە، ئەو سێ کەسەى هێرشەکەیان ئەنجامداوە دووانیان کوژراون.
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـى 10ـى 2024، لە شارۆچکەی قەهرەمان کازانی ئەنقەرە هێرشێک کرایەسەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا ناسراو بە "توساش"، وەزیرى ناوخۆى تورکیا هێرشەکەى بە تیرۆرستى ناوبرد.
وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا، رووبەرەکەى چوار ملیۆن مەتر دووجایە و نزیکەى 15 هەزار کارمەند کارى تێدا دەکەن، جۆرەکانى فڕۆکە و درۆن و چەندین ئامێر و پێداویستى دیکەى سەربازیى تێدا بەرهەمدەهێنرێت و بەگوێرەى ئامارەکان، داهاتى هەناردەى ئەو وێستگەیە لەساڵى 2023دا 10 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.