کەشناسی: ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچە باران دەبارێت

بارانبارین لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ لە بەشێک لە ناوچەکان باران ببارێت و شارەزایەک کەشناسیش دەڵێت: شەپۆلی سەرما بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەگەری كەمێك نمەباران هەیە.

هاوکات، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەهۆی بەفربارین لە بەشێک لە ناوچەکان و کاریگەریی هاتنی ئەو شەپۆلە سەرمایەی لە رووسیاوە رووی لە ناوچەکە کردووە، سەرما لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و  پلەکانی گەرماش زیاتر دادەبەزن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتاکانی مانگی داهاتوو، شەپۆلێکی سەرتاسەریی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بڕێکی باش باران دەبارێت.