وەزیری ناوخۆی تورکیا ناسنامەى ئەو دوو کەسەى ئاشکراکرد کە هێرشەکەى ئەنقەرەیان ئەنجامدا و گوتى "ئەندامی پەکەکەن".
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە دوو کاتى جیاوازدا ناسنامەى هێرشبەرەکانى سەر کۆمپانیاى پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئاشکراکرد و یەکەمجار رایگەیاند، توانیویانە ناسمانەی یەکێک لە هێرشبەرەکانی رووداوەکەی دوێنێی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئاشکرابکەن کە ئەندامی پەکەکەیە بە ناوی عەلی ئۆرەک و ناوە نهێنییەکەی "رۆژگار"ە.
دواتر، یەرلیکایا رایگەیاند، هێرشبەرەکەى دیکە کە ژنە ناوى "مینە سێڤژین ئاڵچیچەک"ـەو ئەندامی پەکەکەیە.
رۆژی چوارشەممە، لەلایەن دوو کەسەوە هێرشکرایە سەر کۆمپانیاى پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی، بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و 22 دیکەى برینداربوون. ماوەیەکی کەم پاش هێرشەکە، عەلى یەرلیکایا گوتی "هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشەکەی ئەنجامدابێت".
لە کاردانەوەى هێرشەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 47 پێگەى لە سووریا و باکووری عێراق _هەرێمى کوردستان_ کردووەتە ئامانج.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، باڵى سەربازی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، 12 هاونیشتمانى سڤیل کە دووانیان منداڵن گیانیانلەدەستداوە و 25ـی دیکەش برینداربوون.