چوار ڕێگە بۆ پاراستنی سییەکان لە نەخۆشی

پڕۆفیسۆر د. ئارام بارام، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

سییەکان یەکێکن لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستە، تەندروستبوونی سییەکان زۆرکات مانای وایە کە تەندروستیی هەموو جەستە باشە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەندامەکانی جەستە بۆ دەستکەوتنی ئۆکسجینی پێویست، پشت بە سییەکان دەبەستن.

کەواتە چۆن دەتوانین ئەم ئەندامە گرنگانەی جەستەمان بپارێزین؟

پاراستنی ئەم ئەندامانە بە چوار ڕێگەی سەرەکی دەکرێت:

  1. وازهێنان لە جگەرەکێشان: جگەرە هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی سییەکان و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی هەوایە، هەروەها جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکیی هەوکردنی درێژخایەنی سییەکانە، هەربۆیە گرنگە لە جگەرەکێشان بەدووربین.
  2. دوورکەوتنەوە لە هەڵمژینی هەوای پیس بەم شێوازانە؛ هەوای ناو ماڵ و باڵەخانەکان: زۆر گرنگە ئەم هەوایە پاکبێت چونکە زۆربەی کات لەناو ماڵ و باڵەخانەکاندا کاتەکانمان بەسەردەبەین، کە دەڵێن هەواکە پاک بێت مەبەست لەوەیە کە لەناو ماڵدا نابێت ئەم هەوا پیسکەرانە هەبن: دووکەڵ، ماددەی کیمیایی، کەڕوو، شێداری زۆر، تەپو توۆز، بۆنی غاز و مووی ئاژەڵی ماڵی. هەوای دەرەوە: دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی هەوایان پاک نییە، بۆ نموونە ناوچەی قەرەباڵغ، ئەو شوێنانەی نەوت و بەرهەمەکانی لێدەردەهێنرێت یاخود ناوچەی چڕی پیشەسازیین، نابێت ئەو ڕۆژانەی خۆڵبارینە، یان ئاو و هەوا نەگونجاوە بچینە دەرەوە.
  3. پشکنینی سییەکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک: زۆر گرنگە چاودێریی سییەکانمان بکەین بۆئەوەی لە ئەگەری هەبوونی هەر حالەتێکدا زوو دەستنیشانبکرێت و چارەسەر بکرێت.
  4. وەرزشکردن: زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی سییەکان جا ئیتر کەسەکە نەخۆشی هەبێت یان تەندروستبێت، کێشی زۆربێت یان رێکبێت یان تەنانەت ئەگەر کەسەکە رۆژانە خۆی جوڵەشی زۆربێت گرنگە وەرزشبکات.

پڕۆفیسۆر دکتۆر ئارام بارام

پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ، سنگ و بۆرییەکانی خوێن