پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە، ئەنجامدانى هێرشەکەى ئەنقەرەى بۆ سەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا لە ئەستۆ گرت، کە بووە هۆى کوژرانى پێنج کەس و برینداربوونى 22 کەسى دیکە.
پارتى کرێکارانى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئەوان هێرشەکەى ئەنقەرەیان ئەنجامداوە، ئەو هێرشە ماوەیەک زۆر پێش ئێستا پلانى بۆ دانرابوو.
روونیشیکردووەتەوە، هێرشەکە هیچ پەیوەندییەکى بە رۆژەڤى ئێستا تورکیاوە نییە و دژى کارە کۆمەڵکوژییەکانى تورکیا و سیاسەتى گۆشەگیرکردن بووە.
پەکەکە باسى لەوەشکردووە، چالاکییەکە لەلایەن دوو ئەندامیان بە ناوەکانی ئاسیا عەلی 'مینە سەڤژین ئالچیچەک' و رۆژگەر هێلین 'عەلی ئۆرەک' ئەنجامدرا.
رۆژى چوارشەممە 23ـى 10ـى 2024، دوو چەکدار هێرشیانکردەسەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا لە ئەنقەرە کە بە "توساش" ناسراوە، بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و 22 کەسى دیکە برینداربوون، هەردوو چەکدارەکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە کوژران.