نزار ئامێدی، وەزیرى ژینگەى عێراق دەستیلەکارکێشایەوە

نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و خۆی بۆ کاری حیزبی تەرخاندەکات.
نزار ئامێدی رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و لەمەودوا تەنیا خۆی بۆ پۆستە حیزبییەکەی تەرخاندەکات کە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە لە بەغداد.
دەستلەکارکێشانەوەی نزار ئامێدی لە پۆستە حکومییەکەی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی و پەیڕەوی هەموارکراوی ناوخۆی حیزبەکەیە، کە ئاماژە بەوەدراوە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێویستە خۆیان بۆ کاری مەکتەبی سیاسی تەرخان بکەن و هیچ پۆستێکیان لە دەرەوەی حیزب نەبێت.
نزار ئامێدی، لە کۆنگرەی پێنجی یەکێتیدا بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و دواتریش وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵیشەوە کراوەتە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە بەغداد.
نزار ئامێدی، بە کەناڵ8ـی گوت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ژینگەی عێراق و بەمزووانە ناوەکەی ئاشکرادەکرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دوو وەزارەتی وەرگرت، کە بریتی بوون لە وەزارەتەکانی ژینگە و داد.