لە بڕیارێکی نوێدا حکومەتی هۆنگ کۆنگ، بەهۆی مەترسی ئاسایش و پاراستنی داتا، ئەپڵیکەیشنە بەناوبانگەکانی واتسئەپ، ویچات و گوگڵ درایڤی لەسەر کۆمپیوتەرەکانی کارکردن لە دام و دەزگا حکومییەکاندا لە زۆربەی فەرمانبەرانی حکومی قەدەغە دەکات.
ئەم یاسایە نوێیە، لەلایەن فەرمانگەی سیاسەتی دیجیتاڵییەوە دانراوە و چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بووە هۆی ئەوەی، فەرمانبەران نیگەرانبن لە زیادکردنی ئەم رێوشوێنە ئەمنیانە و نارەزایی دەرببڕن.
ئەمە لە کاتێکدا، یاسا نوێیەکە تایبەت نییە بە مۆبایل و ئامێرە کەسییەکانی فەرمانبەران و هێشتا دەتوانن ئەم ئەپانە لەکاتی کارکردندا لەسەر ئامێرە تایبەتەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام بۆ کردنەوەی لەسەر کۆمپیەتەکانی حکومەت، دەبێت داوای مۆڵەت لە بەڕێوەبەرەکانیان بکەن بۆ بەکارهێنانیان.
پسۆرانی بواری تەکنەلۆجیای زانیاری دەڵێن، زۆرێک لە کۆمپانیاکان بۆ پاراستن لە دزەکردنی زانیاری و داتاکان و گرفتەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەم رێوشوێنانە دەگرنەبەر.
جێبەجێکردنی ئەم یاسا نوێیە دوای ئەوە دێت، سەرەتای ئەمساڵ هەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هۆنگ کۆنگ، تووشی گرفتی دزینی داتا بوونەوە و بەهۆیەوە زانیاری کەسی دەیان هەزار کەس ئاشکرابوو، ئەمەش زەنگی جددی لەبارەی پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لێکەوتەوە.