سەرۆکی جەهەپە: هێنانی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان ناچاریی نییە

سەرۆکی جەهەپە دژایەتیی خۆی بۆ بیرۆکەی هێنانی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان راگەیاند و گوتی، دەکرێت لە ئیمراڵییەوە بانگەوازەکەی بدات.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە" دژایەتیی خۆی بۆ چوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی و پێشکەشکردنی وتارێک دەربڕی.

ئۆزەل گوتی، "هێنانی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پەیامی هەبێت، بیرۆکەی دەوڵەت باخچەلییە و کارێکی ناچاریی نییە کە هەر دەبێت رووبدات. دەکرێت لەو شوێنەی تێیدایە و زیندانی ئیمراڵییە، دۆخی بۆ بڕەخسێندرێت و بانگەوازی خۆی بدات."

ئۆزەل لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی بیرۆکەکەی باخچەلی گوتی، " ئێمە ناتوانین ببین بە بەشێک لە کارێک کە رووی تەماشاکردنی رووخساری کەسوکاری شەهیدەکانمانی نەبێت."

سەرۆکی جەهەپە گوتیشی، "ئێمە تاوەکو ئێستا نازانین ئەو پرۆسەیەی روودەدات چییە و با ئەردۆغان باسی بکا و روونی بکاتەوە."

ئۆزەل پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی ئاشتیی دەربڕی و گوتی، دژایەتیی پرۆسەیەک ناکەن ئاشتیی بۆ تورکیا بهێنێت و چەکدانان بڕەخسێنێت.