نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەی تەلئەڤیڤ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکەن، ئەمەش لە دوای ئەوەی سوپای وڵاتەکە هێرشی کردە سەر تارانی پایتەختی ئێران.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی تەلئەڤیڤ لە بارەگای هێزی ئاسمانی وڵاتەکە کۆبوونەتەوە.
لە راگەیەندراوی نووسینگەی نەتانیاهوو ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەشدرابووانی کۆبوونەوکە بریتین لە وەزیری بەرگری، فەرماندەی سوپا، سەرۆکی دەزگای 'مۆساد' و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ 'شین بێت'.
لە دەوروبەری کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردەسەر تارانی پایتەختی ئێران و چەند بنکە و بارەگایەکی سەربازیی ئێرانی بە ئامانجگرت.
لەبارەی هێرشەکەوە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەم جووڵەیەیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی هێرشی چەند هەفتەی رابردووی ئێرانە بۆسەر ئیسرائیل.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئەمنی ئێران ئەوەیان خستەڕوو، مووشەکەکانی ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەوە بەرپەچیاندراوەتەوە و دەنگی تەقینەوەکانیش بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکان لە ئاسماندا دەگەڕێتەوە.