پاش چوار کاتژمێر هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران کۆتاییهات

کەناڵ8 26/10/2024
test
شاری تارانی پایتەختی ئێران لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، فۆتۆ: AFP

دەستەی پەخشی ئیسرائیل کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران راگەیاند و دەڵێت، هێرشەکان سێ قۆناغ بوون و زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە. هاوکات نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئیسرائیل نزیکەی 20 ئامانجی سەربازیی لە ئێران پێکاوە.

میدیای ئێران دەڵێت: سیستمی بەرگریی ئێران سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل. وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێت: ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی لە پارێزگاکانی تاران و خوزستان و ئیلام و زیانی هێرشەکانیش سنووردار بوون.

هێرشەکان لە دەوروبەری کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیانپێکرد و لە کاتژمێر 6:00 کۆتاییانهات، سەرەتا دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تارانی پایتەخت بیسترا و دواتر سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکی هێرشەکانی راگەیاند.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، دەڵێت: هێرشەکان بە سێ قۆناغ بوون، نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بەشدارییان تێدا کردووە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران بیستراون. هاوکات ئاژانسی فەرمیی سووریاش دەڵێت، دەنگی تەقینەوە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بیستراوە بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات.

میدیای ئێرانی هەرزوو رەتیکردەوە، تەقینەوە روویدابێت و لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، ئەو دەنگانەی لە دەوروبەری تاران بیستراون، بەهۆی چالاککردنی سیستمی بەرگریی ئێرانەوە بووە.

وەکو رێکارێکی خۆپارێزییش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە وڵاتەکەی راگەیاند. وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بەهەمانشێوە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کاتێکی نادیار راگەیاند، سەرچاوەیەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، پابەندی بڕیارەکەن و گەشتەکانیان راگرتووە.

لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانیشدا، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەمە هێرشی تۆڵەسەندنەوەیە، وەڵامی هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردووی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، دەشڵێن، تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئێرانیان بەئامانجگرتووە و هێرشیان نەکردووەتەسەر بنکە ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییەکان.

بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیران و یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگرییەوە چاودێریی هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆ سەر ئێران کردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە هێرشی بەردەوامیان کردووەتە سەر وڵاتەکەیان، بۆیە ئەوانیش وەک وەڵامێک هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاندووە، دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو هەموو وڵاتێکی خاوەن سەروەری لە جیهاندا مافی وەڵامدانەوەی هەیە و هەرچی پێویست بێت بۆ بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بۆ لێدان بووە لە ئامانجە سەربازییەکان و بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکراوەتەسەر هیچ بنکەیەکی ئەتۆمی و دامەزراوەیەکی نەوت.

لە کاردانەوەی هێرشەکانیشدا کۆشکی سپی، دەڵێت، ئاگادارین ئیسرائیل چەند ئامانجێکی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداریی لەو هێرشانەدا نەکردووە و کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی وڵاتەکەش لە رووداوەکان ئاگادارکراوەتەوە و چاودێریی دەکات.

کۆشکی سپی راشیگەیاندووە، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بەرگریکردنە لەخۆی، تەلئەڤیڤ مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و گەلەکەی ئەنجامی دەدەن.

26/10/2024