ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە چوارچێوەی بەرگریکردن بووە لە خۆیان و تەلئەڤیڤ پێشوەختە لە دەستپێکردنی هێرشەکان ئاگاداری کردوونەتەوە.
شۆن سافیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نەتەوەیی ئەمریکا، دەڵێت، ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران بنکە سەربازییەکانی بەئامانجگرتووە، ئەمەش وەکو وەڵامێکە بۆ هێرشە موشەکییەکانی 1ـی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە، هێرشەکانیان زۆر بە وردیی ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە. هەروەها رایانگەیاندووە، هێرشەکانی ئەمڕۆیان لە وەڵامی هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە.
هاوکات، بەرپرسێکی پنتاگۆن بە فرانس پرێسی گوتووە، ئیسرائیل پێشوەخت واشنتنی لە دەستپێکردنی هێرشەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بەشداریی لە هێرشەکاندا نەکردووە.