یەکێک لە هۆرمۆنەکانی جەستە بەناوی گرێلین، کاری راگرتنی هاوسەنگیی برسێتی و ئارەزووی خواردنە، هۆرمۆنەکە هانی بەشێکی مێشکی مرۆڤ دەدات و کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن و بەم شێوەیە کەسەکە هەست بە برسێتی دەکات.
ئەو کەسانەی رێژەی هۆرمۆنەکە لە خوێنیاندا زیاترە، توانای دابەزاندنی کێشیان کەمترە. هەندێک توێژینەوەش دەریانخستووە کاتێک کەسێک رێجیم دەکات، رێژەی هۆرمۆنەکە لە جەستەیدا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش کاردانەوەی جەستەیە بۆ ئەوەی خۆی لە لەبرسامردن بپارێزێت.
هەندێک لە تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەکو تەمبەڵیی غوددە، کۆنیشانەی پرادەر-ویلی و پەشێوییە خۆراکی و دەروونییەکان، رێژەی هۆرمۆنەکە لە خوێنیاندا زیاترە.
توێژینەوەکانی پێشتر دەریانخستووە کە وەرزشکردن دەکرێت یارمەتیدەربێت لە کەمکردنەوەی رێژەی هۆرمۆنی گرێلین لە خوێندا.
ئێستا توێژینەوەیەکی زانکۆی ڤیرجینیا لە چارلۆتێسڤیل دەریدەخات، وەرزشکردنی توند، بەراورد بە وەرزشی مامناوەند، زیاتر رێژەی هۆرمۆنەکە کەمدەکاتەوە و ئەمەش وادەکات کەسەکە هەست بە برسێتی نەکات، لە هەمانکاتدا دەرکەوتووە کە لەم رووەوە خانمان بەراورد بە پیاوان زیاتر سوود لە وەرزشی توند دەبینن و رێژەی هۆرمۆنەکە لە جەستەیاندا زیاتر دادەبەزێت.
ئەم وەرزشانە وەکو نموونەی وەرزشی توند دانراون: مەلەکردنی بەردەوام، راکردن، پاسکیلسواری بە شوێنێکی لێژدا، بۆکسینگ و پەتپەتێن
د. میر عەلی، پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی قەڵەوییە لە ئەمریکا و لەم بارەیەوە دەڵێت، توێژینەوەکە دەریدەخات کە هەندێک رێگەی سروشتی هەن بۆ کەمکردنەوەی برسێتی و ئەمەش دەکرێت یارمەتیدەربێت لە دابەزاندنی کێشی جەستەدا، هەروەها گوتی بۆ کەمکردنەوەی برسێتی باشترە لە ژەمەکاندا ئەو خواردنانە زیاتر بخورێن کە درەنگتر هەرس دەکرێن، وەکو سەوزەکان و ئەو خواردنانەی پرۆتینیان تێدایە.