سوپاى ئێران: ئیسرائیل سودى لە کایەى ئاسمانى عێراق وەرگرتووە

شاری تارانی پایتەختی ئێران لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، فۆتۆ: AFP

هێزەچەکدارەکانى ئێران، رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکەى ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکان، زیانێکى کەم بەر سیستمى راداریان کەوتووە، دەشڵێت لە هێرشەکەدا سود لە کایەى ئاسمانى عێراق وەرگیراوە.

دەستەى ئەرکانى هێزەچەکدارەکانى ئێران، لە راگەیەندراوێکدا کە لەتەفزیۆنى فەرمى دەوڵەت خوێندرایەوە، رایگەیاند، بەهۆی رۆڵى بەرگریی ئاسمانی لە کاتی گونجاودا، هێرشەکە زیانێکی سنوورداری لێکەوتەوە و تەنیا هەندێک سیستمی رادار زیانیان پێگەیشت.

دەستەى ئەرکانى سوپاى ئێران، دەشڵێت بەرپەرچى ژمارەیەکى زۆر موشەک دراوەتەوە و رێگرى لە فڕۆکەکانیش کراوە بێنە کایەى ئاسمانى وڵاتەوە، بەگوێرەى دەستەکە، فڕۆکەکانى ئیسرائیل بۆ هەڵدانى ژمارەیەک مووشەکى دوورمەوداى ئاسمان بۆ زەوى، "سودیان لە کایەى ئاسمانى عێراق وەرگرتووە کە لەژێر دەستى سوپاى ئەمریکادایە".

دەستەکە جەختیکردووەتەوە، سەرەڕاى پاراستنی مافی یاسایی و رەوایەتى وەڵامدانەوە لە کاتی خۆیدا، ئێران جەخت لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە و لوبنان دەکاتەوە.

هاوکات ئاژانسى هەواڵى ئیرنا راگەیەندراوێکى سوپاى بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دوو سەربازى دیکە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون، گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەى سەربازە کوژراوەکان گەیشتە چوار سەرباز.

هێرشەکەى ئیسرائیل، لەوەڵامى ئەو هێرشەدا بوو کە ئێران لە 1ـی تشرینى یەکەم بە نزیکەی 200 مووشەک کردیەسەر ئیسرائیل، لەناویاندا بۆ یەکەمجار موشەکى سەروو دەنگى بەکارهێنا و ئیسرائیل هەڕەشەى وەڵامدانەوەیەکى توندى کرد.