بانكی بازرگانیی عێراق لق لە فڕۆكەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە

بانكی بازرگانیی عێراق، بڕیاریدا لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لق بکاتەوە و بڕیارە دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران بدات.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، هاوشێوەى فڕۆکەخانەکانى دیکەى عێراق، لەئەمڕۆوە گەشتیاران دەتوانن لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر دۆلار بە نرخی فەرمیی کە 132 هەزار دینارە وەربگرن.
گوتیشی، "هەریەک لە پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەرێوبەری گشتیی بانکی بازرگانیی عێراق و بەرێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاوکاربوون بۆ بەردەستبوونی دۆلار لە فڕۆکەخانەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەوڵە پێشتر لەلایەن ئاڕ تی بانکەوە ئەزموون کراوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئەمجارە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق هەوڵێکی دیکەمان داوەتەوە و خۆشبەختانە رەزامەندبوون و لە ئەمڕۆوە خزمەتگوزارییەکە بۆ گەشتیارانی هەرێمى کوردستان بەردەست دەکرێت".
بەگوێرەی رێکارەکان، هەر گەشتیارێک بۆ ئەوەی دۆلاری بە نرخی فەرمیی پێبدرێت پێویستە پێش 48 کاتژمێر سەردانی لقی سەرەکی بانکی بازرگانیی عێراق بکات، بەڵگەنامەی گەشتى پێبێت کە تکت، ڤیزا، پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەخۆدەگرێت.
هەروەها هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی وەربگرێت، بەمەرجێک گهشتیار 18 ساڵی تەواو کردبێت و گەشتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە.