عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، هەژمارێکى لە تۆڕى ئێکس بە زمانى عیبرى کردەوە، ئەوەش پاش هێرشەکەى ئیسرائیل هات.
ناونیشانى هەژمارەکە، Khamenei.ir Hebrew یە و لەناساندنەکەیدا نوسراوە رێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامیى ئێران.
لە هەژمارەکەیدا یەک پۆستى کردووە ئەویش "بسم الله الرحمن الرحيم"ـە.
عەلى خامنەیى، لە تۆڕى ئێکس چەند هەژمارێکى دیکە بە زمانى فارسى، عەرەبى، ئینگلیزى هەیە، پێشتر لەو هەژمارانەوە پۆستى بە زمانى عیبرى ئاڕاستەى ئیسرائیل دەکرد.
کردنەوەى ئەم هەژمارە پاش هێرشەکەى سوپای ئیسرائیل هات، کە رۆژى شەممە بە 100 فڕۆکە کردیە سەر چەند دامەزراوەیەکى سەربازیى ئێران.
هێرشەکەى ئیسرائیل، لەوەڵامى ئەو هێرشەدا بوو کە ئێران لە یەکی تشرینى یەکەم بە نزیکەی 200 مووشەک کردیەسەر ئیسرائیل، لەناویاندا بۆ یەکەمجار موشەکى سەروو دەنگى بەکارهێنا و ئیسرائیل هەڕەشەى وەڵامدانەوەیەکى توندى کرد.
دەستەى ئەرکانى هێزەچەکدارەکانى ئێران، لە راگەیەندراوێکدا کە لەتەفزیۆنى فەرمى دەوڵەت خوێندرایەوە، رایگەیاند، بەهۆی رۆڵى بەرگریی ئاسمانی لە کاتی گونجاودا، هێرشەکە زیانێکی سنوورداری لێکەوتەوە و تەنیا هەندێک سیستمی راداریان زیانی پێگەیشتووە.
دەستەى ئەرکانى سوپاى ئێران، دەشڵێت: بەرپەرچى ژمارەیەکى زۆر موشەک دراوەتەوە و رێگرى لە فڕۆکەکانیش کراوە بێنە کایەى ئاسمانى وڵاتەوە. بەگوێرەى دەستەکە، فڕۆکەکانى ئیسرائیل بۆ هەڵدانى ژمارەیەک مووشەکى دوورمەوداى ئاسمان بۆ زەوى، "سودیان لە کایەى ئاسمانى عێراق وەرگرتووە کە لەژێر دەستى سوپاى ئەمریکادایە".
بەراگەیەندراوێکى دیکەى سوپاى ئێران، لە هێرشەکەدا چوار سەرباز کوژراون.