20 ملیار دینارى شایستەى دارایى جووتیارانى سلێمانى نەگەیشتووەتە سایلۆکان

فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

20 ملیار دینارى شایستەى دارایى جووتیارانى سلێمانى هێشتا نەگەیشتووەتە سایلۆکان، لەکاتێکدا لە هەولێر و دهۆک دەست بەدابەشکردنى 25 ملیار دینار کراوە.

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی سەر بە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى گوت" ئەو 45 ملیارەى لە بەغدادەوە رەوانە کرا وەک شایستەى دارایى جووتیاران، لە هەولێر و دهۆک دەست بەدابەشکردنى کراوە کە بۆ هەولێر 15 ملیار و بۆ دهۆک 10 ملیار دینارە".

هەروەها گوتیشى" شایستەى دارایى جووتیارانى سلێمانى 20 ملیار دینارە و بەمزووانە پارەکەیان پێدەگات و دەست بە دابەشکردنى دەکرێت و نەگەیشتنى هۆکارى تەکنیکییە".

سەرچاوەیەک لە سایلۆى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند" شایستەى دارایى جووتیاران لە هەولێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بانکى بابان، بەڵام بانکەکە پێیان راگەیاندین کە هێشتا پارەکە نەگەیشتووە".

شایستەى دارایى جووتیارانى سلێمانى تەنیا 67 ملیار و 841 ملیۆن دینار دابەشکراوە و سایلۆکان ئامادەکراون بۆ ئەوەى لەکاتى گەیشتنى ئەو شایستە داراییەدا دەست بەدابەشکردنى بکەن.

حکومەتى عێراق، بڕى 685 هەزار و 974 تۆن گەنمى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگرتووە بۆ ئەمساڵ و هێشتا بڕى 282 ملیار دینار قەرزارى شایستەی گەنمی 2024ى جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.