چۆن خواردن لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت؟

شێوازی هەڵگرتنی خۆراکەکان لە بەفرگردا دەبێت تەندروستانە بێت

کڕینی  خواردنی تەندروست و باش چەندە گرنگە، شێوازی هەڵگرتنەکەی هێندە گرنگە و رۆڵی هەیە لە سوود و زیانەکانی خۆراکەکە.

رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کۆمەڵێک رێنمایی گرنگە سەبارەت بە هەڵگرتنی خۆراکە جۆراوجۆرەکان لەناو بەفرگر و ساردکەرەوەدا دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، نابێت هیچ خۆراکێک لەدوای کڕینەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر لە دەرەوە بمێنێتەوە و دەبێت بخرێتە ناو بەفرگرەوە. ئەگەر خۆراکەکە گۆشت بوو و کەسەکە ویستی خۆشی بکات، گرنگە لەدوای ئەوەی تامەکانی لێدا راستەوخۆ بیخاتە ناو ساردکەرەوەوە.

کاتێک خواردنەکان دەخرێنە ناو بەفرگر یان ساردکەرەوەوە، دەبێت هەر خۆراکێک لەناو دەفرێکی داخراودا بێت، بۆئەوەی لەڕێگەی هەواوە بەکتریا و ڤایرۆسەکانی سەر خۆراکە جیاوازەکان تێکەڵنەبن.

خاڵێکی دیکەی گرنگە ئەوەیە کە نابێت بەهیچ جۆرێک ناو ساردکەرەوە قەرەباڵغ بکرێت، چونکە گرنگە لەنێوان خۆراکەکاندا هەواگۆڕكێ لەناوەوە رووبدات و هەلی جووڵەی هەوا هەبێت.

ئەگەر کارەبا کوژایەوە چی بکرێت؟

بەفرگر بۆ ماوەی 48 کاتژمێر و ساردکەرەوە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەتوانن خۆراکەکان لەو پلە گەرمییەدا بهێڵنەوە کە پێویستە. ئەگەر هاتوو کارەبا کوژایەوە، گرنگە کەمترین جار دەرگای بەفرگرەکە بکرێتەوە بۆئەوەی خۆراکەکانی ناوی تێکنەچن.

یەکێک لەو خۆراکانەی رێکخراوەکە بەتایبەت باسی کردووە، هێلکەیە. رێنمایی دەدات کە نابێت هێلکە لە دەرگای ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت و گرنگە لەناو کارتۆنەکەی خۆیدا، بخرێتە شوێنێکی ساردکەرەوەکەوە کە پلەی گەرمی تێیدا بەرزتر بێت لە پلەی گەرمیی ناو دەرگاکە.