وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، بەگوێرەى رێککەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران تاوەکو 20ـى 11ـى 2024 خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى تۆمار بکەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پێویستە هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تاوەکو ئێستا upnـیان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، تاوەکو 20ـى 11ـى 2024 خۆیان تۆمار بکەن.
روونیشکراوەتەوە، بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستمی بایۆمەتی هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە کە بەهۆکاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن یاخود مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و جۆرەکانى دیکەیان وەرگرتووە.
وەزارەتى دارایى و ئابووریى روونیشیکردووەتەوە، هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تاوەکو بەرواری 20ـى 11ـى 2024 کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێکكەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.