بۆچی ناوبینیی گەدە ئەنجامدەدرێت؟
زانكۆ محەمەد 27/10/2024

ناوبینیی گەدە رێکارێکە بۆ پشکنین و بینینی کۆئەندامی هەرس و گەدە بە کامێرای بچووک کە دەکەوێتە کۆتایی بۆرییەکی درێژ و نەرم کە لەرێگەی دەم و قوڕگەوە دەخرێتە ناوەوە.
پزیشک نازوری گەدە بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردن و هەندێجار چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە کاریگەرییان لەسەر سورێنچک و گەدە و سەرەتای ریخۆڵەباریکە هەیە.
بەکارهێنانی ناوبینیی گەدە بۆ پشکنینی هەندێک نیشانە
لەوانەیە پزیشک داوا لە نەخۆشەکە بکات کە ناوبینیی گەدە ئەنجامبدات، ئەگەر نەخۆشەکە ئەم نیشانانەی خوارەوەی هەبوو وەک:
- ئازاری گەدە
- دڵەکزێ
- هەرسنەکردنی خۆراک
- قووتدانی قورس
- دابەزینی کێش بەشێوەیەکی بەرچاو بەبێ رێجیم
- هەندێک حاڵەتی کەمخوێنی ئەگەر پزیشک گومانی هەبێت کە هۆکاری کەمیی خڕۆکەسوورەکانی خوێن، خوێنبەربوونی ناوەوەیە
- خوێنبەربوونی توند کە لە شێوەی ئازاری توندی گەدەدا دەردەکەوێت، لەگەڵ ڕشانەوەی خوێن، هەروەها گۆڕانی ڕەنگی پیسایی بۆ ڕەنگێکی تۆخ
بەکارهێنانی ناوبینی بۆ چارەسەرکردن:
- چارەسەری دەوالیی سورێنچک: بە بەستنەوەی خوێنبەرە گەورەبووەکان بە لاستیک یان دەرزی لێدان
- چارەسەری برینی گەدە
- داخستنی برینی گەدە بە گەرمی.
- دەرزی لێدانی دەرمان لە دەوری برین بۆ هاندانی خوێن مەین.
- فراوانبوونی سورێنچک: ناوبینی بەکاردێت بۆ دانانی هەندێک کەرەستە کە یارمەتیی فراوانبوون و توندکردنەوەی دیواری سورێنچک دەدەن، هەروەها دەتوانرێت باڵۆن دابنرێت بۆ ئەوەی سورێنچک بە کراوەیی بمێنێتەوە.
loading....