ژنانی هۆزێکی ئەفریقی سڵاوی کولتووریی تایبەت بەخۆیان هەیە

ژنانی هۆزە جیاوازەکانی گوندەکانی بروندی لە ئەفریقا، سڵاوێکی کولتووریی دوورودرێژیان هەیە، کە لە کاتە تایبەتەکاندا بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەم سڵاوە لەگەڵ کاتدا بەرەو کەمبوونەوە و کاڵبوونەوە دەچێت.

سڵاوەکە نەریتى وڵاتى بروندیی کیشوەرى ئەفریقای پڕ لە کولتوورى جیاوازە، سڵاوەکە بە ئاوازەوە دەکرێت، بە سڵاوى ئاکازێهی مێلۆدی ناسراوە.

لە سڵاوەکەدا ئەو دوو ژنە لە یەکتر دەپرسن: بەباشی لە خەو هەستایت؟ هەمووشتێک باشە لە ماڵەوە؟ پاشان هیوای باشی ماڵەوە و دۆخی تەندروستی خۆی و هاوسەرەکەی بۆ دەخوازێت.

سڵاوەکە ماچى تێدا نییە و تەنیا باوەش بە یەکدا دەکەن و بە گۆرانییەوە لە بناگوێی یەکتر هەواڵپرسى دەکەن.

سیلڤی بۆنیمپا، هاوڵاتییەکی ئەفریقییە و لەبارەی سڵاوەکەوە دەڵێت، "کاتێک بەم جۆرە سڵاویان لێدەکەیت و باوەشیان پێدادەکەیت، ئاماژەی رێز و خۆشەویستییە، هەست بەوە دەکەن کە خۆ بە زلزانیت نییە" .

لە چەند کاتێکى دیاریکراودا ئەم سڵاوە کولتوورییەی بروندییەکان بەکاردەهێنرێت، لەوانە کاتێک دایک و کچ بۆ ماوەیەکی زۆر یەک نابینن، بەم جۆرە پێشوازیی لە یەکدی دەکەن.

ئێستا ئەم جۆرە سڵاوە بەرەو نەمان دەڕوات و شارەزایانی کولتوورى ئەفریقاش داوا دەکەن نەریتەکە بپارێزرێت.