ئینتەر میلان و یوڤێنتۆس لە جۆسیپی میاتزا رووبەڕوودەبنەوە

رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی سێریا ئەی، یارییەکی بەهێز و چارەنووسساز لەخۆدەگرێت، ئەویش ئینتەر میلانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەیە، کە لە یاریگەی جۆسیپێ میاتزا میوانداریی یوڤێنتۆسی رکابەریی مێژوویی دەکات.

بارودۆخی ئینتەر میلان لە یارییەکانی سەرەتای وەرز گومانی لەسەر دروستبووبوو، بەو پێیەی شەش یاریی سەرەتا سێ یەکسانبوون و شکستێکی تۆمارکرد، ئەم ئەنجامانەش لە لیستی وەرزی رابردووی یانەکەدا نەبوو.

بەڵام دوای دوایین شکستییان لە دێربی میلان بەرامبەر ئەی سی میلان، یانەکە بە یەکسانبوونیش رازی نییە و پێنج بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکردووە.

ئەم یارییەمان بەرامبەر یوڤێنتوس، گەورەیی یانەکەمان و هاندەرانمان و خۆمان نیشاندەدات، ئەمەش نۆیەم یارییمانە لە سێریا ئەی، بۆیە دەبێت بەرامبەر هەر رکابەرێک ئاستی راستەقینەمان نیشان بدەین، چونکە ئێمە چاومان لە دوو ناسناوە، پاڵەوانی سێریا ئەی و چامپیۆنزلیگیش"

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەر میلان.

یانەکە هێڵی هێرشبەریی ناوازەیە، بەڵام سیمۆنی ئینزاگی راهێنەر دەبێت هێڵی بەرگری زیاتر تۆکمە بکات، چونکە لە کۆی 11 یاریی کە ئەنجامیانداوە، نۆ جار تۆڕی گۆڵیان هەژێندراوە.

لە بەرامبەردا یوڤێنتۆس دوای 10 یاریی بێشکست، لە چامپیۆنزلیگ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر شتوتگارت شکستی هێنا، بەڵام ئەمە خانمە پیرەکە سارد ناکاتەوە، چونکە ئەم وەرزە لەگەڵ تیاگۆ مۆتا، لە رووی بەرگریی و هێرشبەریشەوە سەلماندوویانە کە بەراورد بە وەرزی رابردوو بەهێزترن.

یوڤێ لەم وەرزەدا لە کۆی 11 یاریی، پێنج گۆڵی لێکراوە و 17 گۆڵیشی تۆمارکردووە، لەوانەیە ئەگەر یاریزانە پێکراوەکانیش بگەڕێنەوە، یوڤێ بەهێزتر ببێت، چونکە لە شەش یاریزانی بێبەش دەبێت، لە نمونەی برێمەر، دۆگلاس لویز، گۆنزالێس و میلیک.

 ئەگەر ئاورێکیش لە مێژووی رووبەڕووبونەوەی هەردوو یانەکە بدەینەوە، 64 یارییان ئەنجامداوە، یوڤێ بە 22 بردنەوە و ئینتەر بە 20 بردنەوە باڵادەستن، 22 یەکسانبوونیش لە نێوانیاندا روویداوە، لە دوایین پێنج یارییش یوڤێ تەنیا یەکجار بردنەوەی بەدەستهێناوە.