سکاڵایەکی نوێ لەسەر کۆمپانیای کراودسترایک تۆماردەکرێت

هێڵی ئاسمانی دێڵتا، سکاڵای لەسەر کۆمپانیای کراودسترایکی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی تۆمارکرد کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ، هەڵەیەکی کۆمپانیاکە بووە هۆی پەکخستنی چەندین سیستمی ئەلیکترۆنی و گەشتی زیاتر لە ملیۆنێک کەسی لە جیهاندا وەستاند.
دێڵتا لە سکاڵاکەیدا هەڵەکەی کراودسترایکی بە "کارەساتبار" ناوبردووە، کۆمپانیای کراودسترایکیش لە وەڵامدا دەڵێت:"بانگەشەکانی کۆمپانیای دێڵتا لەسەر بنەمای زانیاری هەڵەن، نیشانەی نەبوونی تێگەیشتنە لە چۆنیەتی کارکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی مۆدێرن و هەوڵێکی بێهیوایە بۆ تاوانبارکردنی لایەنێکی دیکە، بەهۆی خاوی لە چارەسەرکردنی شکستەکە".
کۆمپانیای دێڵتا، لە ساڵی 2022ەوە بەرهەمەکانی کراودسترایکی کڕیوە و بەکاریدەهێنێت، رایگەیاند کێشە تەکنیکییەکەی کراودسترایک، ناچاری کردووە حەوت هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرنشین بۆ ماوەی پێنج رۆژ دروستکردووە و زیانی 500 ملیۆن دۆلاری بە هێڵی ئاسمانی دێڵتا گەیاندووە.
کێشە تەکنیکییەکەی 19ی تەمموزی ئەمساڵ، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری جیهان و کاریگەری لەسەر پیشەسازییەکانی دیکەی جیهان دروستکرد، لەوانە بانکەکان، سێکتەری تەندروستی، کۆمپانیاکانی میدیا و زنجیرە هۆتێلەکان و 8.5 ملیۆن کۆمپیوتەری ویندۆزی مایکرۆسۆفتی لەکارخست.