سەرۆکی ئێران: وەڵامێکی گونجاوی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە

test
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، فۆتۆ: AP

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، خوازیاری شەڕنین بەڵام بەرگریی لە مافەکانمان دەکەین و وەڵامێکی گونجاوی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیران و بەرپرسانی کابینەی حکومەتەکەی، پزیشکیان رایگەیاند، بەدوای جەنگ و ئاڵۆزییدا ناگەڕێن بەڵام بەرگری لە مافی وڵاتەکەیان و نەتەوەکەشیان دەکەن.

جەختیشی کردەوە، وەڵامێکی گونجاوی هێرشەکەی ئەمدواییەی ئیسرائیل دەدەنەوە.

سەرۆکی ئێران هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکای بەهۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدا و رایگەیاند، ئەگەر توندوتیژیی و تاوانەکانی ئیسرائیل بەردەوامبن ئاگری شەڕ فراوانتر دەبێت.

گوتیشی، ئەمریکا بەڵێنیدا بوو ئەگەر ئەوان دان بەخۆیاندا بگرن جەنگ لەناوچەکە کۆتایی دێت، بەڵام واشنتن پابەندی بەڵێنەکەی نەبوو.

رۆژی شەممە، ئیسرائیل لەتۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێراندا کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامیدا ، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران و ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوامبوو.