یەکێتی ئەوروپا: پێشێلکاریی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیادا کراوە

ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردن لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ناوەندێکی دەنگدان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا لە تەبلیسی، فۆتۆ: AP

چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاند، بەچاوی خۆیان بینیویانە پێشێلکاریی لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی جۆرجیادا روویداوە، کە تیایدا پارتی دەسەڵاتدار براوەبوو.

چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا، لەسەر هەڵبژاردە پەرلەمانییەکەی جۆرجیا کە دوێنێ شەممە ئەنجامدرا، رایانگەیاند ، نیگەرانن لە بردنەوەی پارتی خەونی جۆرجیا و ئەو پاشەکشەیەی کە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبینرێت.

لە راگەیگەیەنراوەکەیاندا، چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، بەچاوی خۆیان بینیویانە ژمارەیەکی زۆر زیاتری فۆرمی دەنگدان خراونەتە ناو سندوقەکانەوە.

دەشڵێن، توندوتیژی جەستەییشیان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەدیکردووە.

دوێنێ شەممە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا ئەنجامدرا و کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پارتی دەسەڵاتداری لایەنگری رووسیا 54%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن، کە لە چوار پارتی سیاسی پێکدێت، 38%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژاردنەکە هاوشێوەی ریفراندۆمێک بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی جۆرجیا لەنێوان سیاسەتی پارتی خەونی دەسەڵاتدار کە نزیک لە رووسیایە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کە نزیکن لە یەکێتی ئەوروپا.