بەریتانیا ڤەیپی یەکجاربەکارهاتوو قەدەغەدەکات

test
بەکارهێنەرانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە

لەپێناو پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن گەنجانەوە، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە کە فرۆشتنی ڤەیپ و پۆدی یەکجاربەکارهاتوو لە وڵاتەکەیدا قەدەغەبکات.

بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2025، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ڤەیپی یەکجاربەکارهاتوویان هەیە، بەرهەمەکانیان بفرۆشن.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا، پار زیاتر لە چارەکێکی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 15 ساڵاندایە ڤەیپیان کێشاوە؛ جگەلەمەش نزیکەی ملیۆنێک کەس کە هیچ دوکەڵێکیان نەکێشاوە، ئێستا ڤەیپ دەکێشن. زیادبوونی رێژەی کێشانی ڤەیپ لە وڵاتەکەدا بەجۆرێکە کە لە ساڵی 2012ـەوە فرۆشی ئەم بەرهەمانە نزیکەی %400 زیادیکردووە.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ ڤەیپە یەکجاربەکارهاتووەکان، پرسی ژینگەیە. ئەم ڤەیپانە لە پلاستیک و ماددەی دیکەی زیانبەخش دروستدەکرێن کە دەکرێت زیان بە ژینگە بگەیەنن. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ژینگەی بەریتانیا، هەفتانە نزیکەی 5 ملیۆن ڤەیپی یەکجاربەکارهاتوو لە وڵاتەکەدا فڕێدەدرێن.

سەرەڕای ئەوەی سەرەتا شێوازی ریکلامکردن بۆ ڤەیپەکان بەجۆرێک بوو کە دەیانگووت وەکو جێگرەوەیەکی تەندروست بۆ جگەرە پشتیپێدەبەسترێت، بەڵام بەرەبەرە توێژینەوەکان زانیاریی زیاتر لەسەر زیانەکانی ڤەیپ دەخەنەڕوو.

قەدەغەکردنی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان هەر تەنیا لە بەریتانیا نییە، بەڵکو وڵاتانی دیکەی کیشوەری ئەورووپاش لەسەر هەمان رێچکەن، تاوەکو ئێستا هەر یەکە لە وڵاتانی بەلجیکا و فەرەنسا بڕیاری قەدەغەکردنی جگەرە ئەلیکترۆنییە یەکجاربەکارهاتووەکانیان داوە و بڕیارەکانیان لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەندکراون.

loading....