پسپۆڕێک: بەرگەنەگرتنی سەرما نیشانەیەکی تەمبەڵیی غوددەیە

د. سۆران حەسەن زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە، غوددە و کوێرەڕژێنەکان

غوددەی تەمبەڵ، نەخۆشییەکە تێیدا رژێنی غوددە رێژەیەکی کەم لە هۆرمۆنەکانی سایرۆید بەرهەمدەهێنێت. رێژەی ئەم هۆرمۆنانە لە خوێندا کەمدەبێتەوە، زیندەچالاکیی لەش خاو دەبێتەوە، و چەند نیشانەیەک دروستدەکات. بەگشتی، غوددەی کەمچالاک چارەسەری هەیە، دەکرێت لەڕێگەی دەرمانەوە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

د. سۆران حەسەن زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە، غوددە و کوێرەڕژێنەکان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی لە گرنگیی رژێنی غوددە کرد؛ "رژێنی غوددە فرمانەکانی زۆرن و هیچ شتێک نییە لە جەستەدا رووبدات و رژێنی غوددە کاریگەریی لەسەری نەبێت، هۆرمۆنی رژێنەکە یارمەتیی رێکخستنی کێش، کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمیی جەستە و رێکخستنی فشاری خوێن دەدات". پسپۆڕەکە ئاماژە بەوە دەکات کاتێک کەسێک تووشی غوددەی تەمبەڵ دەبێت، ئیدی بە هەر هۆکارێک بێت، تووشی کۆمەڵێک نێشانەی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە.

هۆکارەکانی تەمبەڵیی غوددە چین؟

پسپۆڕەکە چەند هۆکارێکی وەکو هۆکاری غوددەی تەمبەڵ خستەڕوو:

  • نەخۆشیی هاشیمۆتۆ: ئەمە باوترین هۆکاری تەمبەڵیی غوددەیە لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی دنیا. نەخۆشییەکە دژەخۆییە، واتا سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرشدەکاتە سەر ئەو خانانەی کە هۆرمۆنەکە دروستدەکەن. ئەم هۆکارانە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکەن: رەگەزی مێ بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 45 ساڵیدایە، ئەو کەسانەی کەسێک لە خێزانەکەیاندا تووشبووی نەخۆشییەکەیە و ئەوانەی نەخۆشیی دژەخۆیی دیکەیان هەیە.
  • نەشتەرگەریی لابردنی غوددە: زیاتر بۆ فرەچالاکیی غوددە یان شێرپەنجەی غوددە دەکرێت
  • چارەسەری تیشک: بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە
  • هەندێک دەرمان
  • زگماکی: هەندێک منداڵ کە لەدایکدەبن رژێنەکەیان نییە
  • کەمیی یۆد: لەو وڵاتانەدا کە خوێی دەریایی بەکارناهێنن و خوێکەیان یۆدی تێدا نییە
  • گرفتی رژێنەکانی مێشک: رژێنی غوددە گرفتی نییە لەم کەسانەدا بەڵام رژێنەکانی مێشک وەکو پێویست ئاماژە نادەن بە غوددەکە

نیشانەکانی تەمبەڵیی غوددە:

پسپۆڕەکە گوتی، نیشانەکانی تەمبەڵیی غوددە زۆرن و یەکلاکەرەوە نین، سەرەکیترین نیشانەکان ئەمانەن:

  • هەستکردن بە ماندووییەکی زۆر
  • بەرگەنەگرتنی سەرما
  • زیادبوونی کێشە جەستە
  • قەبزی
  • خەمۆکی
  • رووتانەوەی قژ
  • دووگیاننەبوون
  • لەبارچوونی منداڵ
  • ناڕێکیی خەو
  • گرفتی پێست

د. سۆران زەنگەنە ئاماژەی بەوە کرد، مەرج نییە چارەخواز هەست بە نیشانەکان بکات و لەوانەیە هۆکاری نیشانەکانی بۆ تەمەن یان هۆکارێکی دیکە بگێڕێتەوە، ئەم کەسانە پاش ئەوەی سەردانی پزیشک دەکەن ولای پزیشک پشکنینی جەستەییان بۆ دەکرێت، پشکنینی خوێن و سۆناری رژێنەکەشیان بۆ دەکرێت و پاشانیش دەستنیشاندەکرێن.

چارەسەری تەمبەڵیی غوددە چییە؟

سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە، د. سۆران حەسەن زەنگەنە گوتی: تاوەکو ئێستا چارەسەرەکەی تەنیا بە حەبی لیڤۆسایرۆکسین دەکرێت کە جێگرەوەی هۆرمۆنەکەیە و دەبێت لەژێر چاودێریی پزیشکدا بێت و ماوەماوە سەردانی پزیشک بکات بۆ ئەوەی رێژەکەی جێگیر بکرێت.