خەمیس خەنجەر سەرۆکی حیزبی سیادە دەستیلەکارکێشایەوە

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانى سیادە

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حیزبی سیادە، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند، وێنەیەک لە نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەیان بەدەست گەیشتووە.

بەگوێرەى نوسراوێکی نوسینگەی ئەمیندارى گشتیی پارتی سیادە، کە لە 27ی تشرینی یەکەمی 2024 دەرچووە و ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە، ئاماژەبەوەدەکات، کە دەستلەکارکێشانەوەی خەمیس خەنجەر، لە سەرۆکایەتیی حیزبەکە پەسەند کراوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی کاروبارى پارتەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکەناڵ8ی راگەیاند "نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەی خەمیس خەنجەر، لە سەرۆکایەتی حیزبی سیادە گەیشتووەتە فەرمانگەی کاروباری پارتەکان و لەلایەن دەستەی ئەمیندارێتیی حیزبەکەوە قبوڵکراوە".

سەرچاوەکە، گوتیشی "دەستلەکارکێشانەوەی خەمیس خەنجەر، پاڵپشت بووە بە پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەیان و هەر بەگوێرەى ئەو پەیڕەوە، سەرۆکێکی نوێ بۆ سیادە دەستنیشاندەکرێت".

لەسەر هەمان پرس، کەناڵ8 پەیوەندیکرد بە نووسینگەی تایبەتی خەمیس خەنجەر، لە وەڵامدا هەواڵەکەی بەناڕاست لەقەڵەمدا و رەتیکردەوە هیچ کەیسێکی یاسایی لەسەر سەرۆکی پارتی سیادە هەبێت

خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەدارێکی عەرەبی سوننەیە، خاوەنی گروپێک کۆمپانیا و پرۆژەی بازرگانییە و ساڵی 1954 لە فەللوجە لە دایکبووە.

خەمیس خەنجەر لە 26ی تشرینی یەکەمی 2015، لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە یاسای تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و دەستیش بەسەر سامانەکەیدا گیرا.