پنتاگۆن: کۆريای باکوور 10 هەزار سەربازی ناردووە بۆ ئۆکرانيا

وەزارەتی بەرگریی ئەمريکا پشتراستيکردەوە، کۆریای باکوور نزیکەی 10 هەزار سەربازی ناردووە بۆ وەرگرتنی مەشق و راهێنان لە رووسیا.
سابرینا سین، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا 'پنتاگۆن' رايگەياند "پێمان وایە کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا نزیکەی 10 هەزار سەربازی ناردووە بۆ مەشقکردن لە رۆژهەڵاتی رووسیا، ئەمەش پێدەچێت ببێتەهۆی بەهێزکردنی هێزەکانی رووسیا لە نزیک ئۆکرانیا لە هەفتەکانی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لەو هێزانە پێشتر لە ئۆکرانیا نزیکبوونەتەوە.
هاوکات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ناردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ رووسیا پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە.
ئەمریکا دووپاتیکردەوە، نیگەرانیی خۆی بە چين گەياندووە، سەبارەت بە جێگیرکردنی سەربازانی کۆریای باکوور لە رووسیا.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بە روونی بە چینى راگەیاندووە "ئێمە نیگەرانین لەم بابەتە و پێویستە چينيش نیگەران بێت لەم کارە ناسەقامگیرییەی دراوسێکانی کە رووسیا و کۆریای باکوورن، لەکاتیکدا چین و رووسیا هاوپەیمانی پیۆنگیانگن.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، نزیکەی 12 هەزار سەربازی کۆریای باکوور بەم نزیکانە لە رووسیا ئامادەدەبن بۆ ئەوەی مەشق و راهێنان وەربگرن، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی دواتردا لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا بیانبینن.