سایلۆی سلێمانی داوا لەو جووتیارانە دەکات کە گەنمیان رادەستى سایلۆکەیان کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سایلۆی سلێمانی بکەن بەمەبەستى وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان.
سایلۆى سلێمانى جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە، "ئەمڕۆ سێشەممە سەردانى هۆبەی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان".
سایلۆى سلێمانى دەشڵێت: "ئەمڕۆ ئەو جووتیارانەى خاوەنی پسووڵەی ژمارە هەزار و 417 تاوەکو ژمارە هەزار و 473 ن، شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت".
پێشتریش، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازىی هەرێمی کوردستان بەکەناڵ8ـی راگەیاندبوو، "حکومەتى عێراق 13ـی ئەیلوول بڕى 107 ملیار دینارى پارەى گەنمى جووتیارانى خستووەتەسەر هەژمارى وەزارەتى بازرگانى، لەو بڕەش 57 ملیار دیناریان بەسەر جووتیارانى هەولێر و دهۆکدا دابەشکردووە".
بڕى 50 ملیار دینارى ئەو پارەیەش بەسەر جووتیارانى پارێزگاى سلێمانى و دەوروبەری دابەشدەکرێت، بەگوێرەی بڕى گەنمەکانیان لەو سایلۆیانەى گەنمەکەیان رادەستکردووە.
تاوەکو ئێستا، حکومەتى عێراق لەکۆى 411 ملیار دینارى پارەى گەنمى جووتیاران، بڕى 233 ملیار دینارى شایستەى دارایى هەرێمی کوردستانی ناردووە و بڕیارە بۆ مانگى داهاتوو ئەو بڕەشى ماوەتەوە، بەغداد خەرجى بکات.
حکومەتى عێراق، بڕى یەک ترلیۆن و 470 ملیار دینارى خستووەتەسەر هەژمارى وەزارەتى بازرگانیى عێراق کە پارەى پێنج ملیۆن و 290 هەزار تۆن گەنمە.