مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردن رای راستەقینەی خەڵكی كوردستان بوو، لەبارەی هەژماری منیشەوە باسی لەوەكرد، نە هەژماری شەخسییە و نە حیزبی، بەڵكو هەژماری هاونیشتمانییانە.
مەسرور بارزانی لە میانەی بەشداریكردن لە دیداری مێری گوتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ گێڕانەوەی شەرعیەت گرنگ بوو، هیوادارن سەرجەم لایەنەكان ئەنجامەكەی قبووڵ بكەن، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رای راستەقینەی هاونیشتمانییان بوو.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی پرۆژەی هەژماری من باسی لەوەكرد، هەژماری من نە هەژمارێكی شەخسییە و نە حیزبییە، بەڵكو هەژماری هاونیشتمانییانە، لە هەوڵدان هەژماری بانكی بۆ هەموو فەرمانبەرێك بكرێتەوە.
جەختی لەوەشكردەوە، لە ساڵانی رابردوودا رێگریی هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت، پێویستە حکومەت خۆی لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکدا بگونجێنێت.
لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە گوتی، لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا نیوەی رێگەکەمان بڕیوە، لەبارەی پەیوەدنییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدادیش باسی لەوەكرد، پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغداد لە قۆناغێکى باشدایە و زۆرترین شاندى هەرێم بۆ چارەسەرى مووچە چوونەتە بەغداد.
راشیگەیاند، هێشتا هەندێک عەقڵییەت لە بەغداد هەیە بیر لە بیرۆکەى مەرکەزییەت دەکاتەوە، لە خودا بەزیادبێت ئێستا دەسەڵاتێکى باش لە بەغداد هەیە.