میلان لە یاریگەی سان سیرۆ میوانداریی ناپۆلی دەکات

ئەمشەو یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی هەفتەی دەیەمی خولی ئیتاڵیا ئەنجامدەدرێت، یانەی ئەی سی میلان دەرگاکانی یاریگەی سان سیرۆ بۆ یانەی ناپۆلی دەکاتەوە.

ناپۆلی لەم وەرزەدا بەسەرپەرشتیی ئەنتۆنیۆ کۆنتی بووەتە بڵێسەی ئیتاڵیا، لە یاریی دەستپێک بەرامبەر هیلاس ڤیرۆنا هەڵەیەکیان کرد و (3 بە 0) شکستیانهێنا، لەو یارییە بەدواوە، جگە لە یەکسانبوونێک، سەرجەم یارییەکانی دیکەیان بردووەتەوە و بە 22 خاڵەوە پێشەنگی خولی ئیتاڵیان.

یانەکەی سەقەڵییە، لەدوایین حەوت یاریدا تەنیا گۆڵێکی لێکراوە، بۆیە سەرکەوتن بەرامبەر یان بۆ میلان هەرگیز ئاسان نییە.

بۆ یارییەکی ئەمشەو، ناپۆلی تواناکانی کڤاراتسخیلیا و ماتیۆ پۆلیتانۆی بۆ دەگەڕێتەوە، تەواوی یاریزانەکانی دیکەش بەبێ کێشەی جەستەیی ئامادەدەبن.

لەبەرامبەردا، میلان لەم وەرزەدا بارودۆخی هاوسەنگ نەبووە، ئەم یانەیەش لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ کاردەکات، کە پاولۆ فۆنسیکای پۆرتوگالییە.

یانەکەی هەرێمی لۆمپاردیا لە دەستپێکی وەرزدا بەدوو یەکسانبوون و شکستێک پێنج خاڵی لەدەستدا و هەر لەسەرەتاوە کەوتە دوای رکابەرەکانی، بەڵام لەگەڵ فۆنسیکا خۆیان گرتووەتەوە و هەرچەندە یارییەکیش کەمتریان لە یانەکانی دیکە کردووە، جیاوازییان لەگەڵ ئینتەر میلانی دووەمی ریزبەندی یەنیا چوار خاڵە.

ناپۆلی یانەیەکی بەهێزە و راهێنەرەکەشی بەهێزە، ئەوان پێشەنگن و پەرۆشن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئێمەدا، ئێمەش بەهەمانشێوە بیریان لێدەکەینەوە و پەرۆشین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، ئەواان یاریی قورسیان بە ئاسانی بردووەتەوە و ئێمە وەک وتم دەمانەوێت لێیان ببەینەوە.

پاولۆ فۆنسیکا، راهێنەری ئەی سی میلان

بۆ یارییەکی ئەمشەو، فۆنسیکا تەنیا لە تواناکانی تیۆ هێرناندێز بێبەشدەبێت، ئەلڤارۆ مۆراتا و کریستیان پولیسیچ ئامادە دەبن، بەتایبەت پۆلیسیچ کە هەموو چاوەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و لە دوایین حەوت یاریدا و بۆ هەر یارییەک بەشداربووە لە تۆمارکردنی گۆڵێك، ئەم ریکۆردەش لە 2004 و لەدوای زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچەوە تۆمار نەکراوە.

ئەوەی لەسەر هەردوو یانەکەیە بۆ یارییەکەی ئەمشەو، سەرکەوتنە.. سەرکەوتن ناپۆلی لە پێشەنگدا بەهێزتر دەکات و میلانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ کێبڕکێی لوتکە.