واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار بۆ تەوتینكردنی مووچە كۆكرایەوە

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار بۆ تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆكرایەوە و كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنەكە دەڵێت، ئەوەش لەسەر داخوازی مووچەخۆران بووە.
كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ داخوازی خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، توانیمان تاوەكو ئێستا ئیمزای زیاتر لە 108 پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆن کۆبکەینەوە".
روونیشیكردووەتەوە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
داواكە كە بە واژۆكانەوە ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت، واژۆی سەرۆكی كوتلەكانی "یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری"ـێ پێوەیە و تێیدا داواكراوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت.
روونیشكراوەتەوە، داوا لە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەكەن، لەگەڵ سەرۆكوەزیران و دادگای فیدراڵی قسە بكات بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، چونكە بڕیارەكە ئاشكرا و روونە و پێویستە 'تەوتین' لە رێگەی بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكرێت.






