ژیریی دەستکرد چۆن یارمەتیی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات دەدات؟

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ژیریی دەستکرد دەتوانێت لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پڕۆستاتدا یارمەتیی پزیشکان بدات.

لە توێژینەوەکەدا، پڕۆگرامێکی ژیریی دەستکرد توانیویەتی %85ـی توندترین گرێکانی پڕۆستات لە 700 تووشبوودا دەستنیشان بکات.

ئەو گرێیانەی کە پڕۆگرامەکە توانی دەستنیشانیان بکات هێندە توندبوون کە توانای بەرگرییان هەبوو لە دژی چارەسەرەکانی شێرپەنجە و مەترسیی بڵاوبوونەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکەی جەستە زۆربوو.

لەو چارەخوازانەشی کە چارەسەری تیشکیان وەردەگرت، پڕۆگرامەکە توانی لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی قەبارەی گرێیەکەوە باشتر پێشبینیی مەترسیی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بکات بەراورد بە رێگەکانی پێشتر.

لە توێژینەوەکەدا پڕۆگرامێکی ژیریی دەستکردیان لەسەر بنەمای وێنەی پشکنینی لەرینەوەی موگناتیسی دروستکرد، وێنەکان بۆ 732 پیاو گیرابوون کە گیرۆدەی دەستی شێرپەنجەی پڕۆستات بوون.

پسپۆڕان دەڵێن رێگەکانی پێشتر نزیکەی دوو هەفتە یان زیاتریان پێدەچوو بۆئەوەی توندیی شێرپەنجەکە دەستنیشانبکرێت، بەڵام ژیریی دەستکرد زۆر بە خێراتر دەتوانێت ئەو کارە بکات.

هەروەها ژیرییی دەستکرد دەتوانێت لە هەڵبژاردنی چارەسەری تایبەتتر و کاریگەرتردا، یارمەتیی پسپۆڕانی تیشک و شێرپەنجە بدات.

توێژینەوەکە لە رۆژی 29ـی ئۆکتۆبەر لە گۆڤاری زانستی تیشکدا بڵاوکرایەوە.